پشتیوان سادق: بڕینی مووچە بڕیارێکی نادەستوورییە

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ نەناردنی مووچە بە ''نایاسایی و نادەستووری'' دەزانێت و دەڵێت، ''نەناردنی مووچە لە رووی ئایینی و مرۆییەوە سەرپێچییەکی یەکجار گەورەیە کە شتی لەو شێوەیەمان لە مێژووشدا نەبیستووە.''
 
ئەمڕۆ هەینی، 06-06-2025، پشتیوان سادق لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا وێڕای پیرۆزبایی خۆی بە خەڵکی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی نەناردنی مووچەوە رایگەیاند: ''ئێمە زۆر نیگەرانین کە بە بڕیارێکی نادەستووری و نایاسایی، حکومەتی فیدراڵی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لە جەژنی پیرۆزدا بڕیوە.''
 
پشتیوان سادق ئاماژەی بەوە کرد، ''بێگومان بڕوا ناکەم هیچ حکومەتێکی جیهان، لە بۆنەیەکی ئەوها پیرۆزدا مووچەی مووچەخۆرانی هاووڵاتییانی خۆی ببڕێت.''
 
28ـی ئایاری 2025، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو کە وەزارەت ناتوانێ لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێ، بەهۆی "تێپەڕاندنی پشکەکەی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە."
 
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی جەختی لەوە کردەوە، ''حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەپێی دەستوور و یاسا جێبەجێ کردووە. ئەوەی حکومەتی عێراق بە سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان دەیکات، هیچی کەمتر نییە لەو سزایانەی کە رژێمە یەک لەدوای یەکەکان، بە چەندین شێوە دژی خەڵکی کوردستان دەیانکرد.''
 
نەناردنی مووچە لەکاتێدایە کە هێشتا مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە. پشتیوان سادق ئەوەشی خستەڕوو، ''نەناردنی مووچە لەڕووی ئایینی و مرۆییەوە سەرپێچییەکی یەکجار گەورەیە کە شتی لەو شێوەیەمان لە مێژوودا نەبیستووە.''
 
وەزیری ئەوقاف ئاماژەی بەوە کرد، ''حکومەت داکۆکی لە مووچەخۆران دەکات و لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وڵاتانی جیهان و لەگەڵ بەغداش هەوڵی جدی دەدات، بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکرێت، چونکە ئەوە ستەمێکی زۆر گەورەیە لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێت.''
 
بەگوتەی پشتیوان سادق لەدوای جەژن، ''هەنگاو بۆ لابردنی ئەو سزا گەورەیە دەنرێت کە خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان. ئاسۆمان گەشە و پشتمان بە خودای گەورە، سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و حکومەتی خۆمان ئەستوورە''.
 
مانگانە هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینارە. ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو کە 1ـی حوزەیران پەخشکرا، لەبارەی پلانی جێگرەوە لە ئەگەری نەناردنی پارە لە بەغداوە، رایگەیاند: "بەدڵنیایی تەسلیمی بەغدا نابین و ئەگەر مووچەش نەنێرن، لەگەڵ هەناردەکردنەوەی نەوت، دەتوانین بە داهاتی نەوت و نێوخۆ خۆمان بژیێنین و پلانی جێگرەوەمان هەیە. ئەوەی تەیف سامی داوای دەکات، نایاساییە."