وەزارەتی تەندروستی 14 جۆر شیر و 27 وزەبەخش قەدەخە دەکات


رووداو - هەولێر

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان فرۆشتنی 14 جۆر شیر و 27 وزەبەخشی لە بازاڕەکاندا قەدەخە کرد، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تۆمارکراو نین و بەڵگەنامەکانیان رادەستی وەزارەت نەکردووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 6-7-2022، د. كاوە خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری تەندروستی لەوەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی 36 جۆر شیر و ژمارەیەک وزەبەخشیان دیاریکرد لەوانەی کە رێگەپێدانیان نییە و تۆمارکراو نین، بۆیە ماوەی دوو مانگ مۆڵەتیان دایە ئەو کۆمپانیایانەی ئەو بەرهەمانە دەهێنن بۆ ئەوەی سەردانی وەزارەت بکەن بەمەبەستی هێنانی بەڵگەنامەکانیان، بەڵام بەشێکی کەمیان سەردانی وەزارەتیان کرد، بەڵام ئەوانەی سەردانیان نەکرد، بەرهەمەکانیان قەدەخە کران."
 
بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ژمارە 8573 کە لە رۆژی 19-06-2022 دەرچووە و واژۆی دکتۆر سامان بەرزنجی لەسەر، داوای قەدەخەکردنی ئەو بەرهەمانە دەکات.
 
لە نووسراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە: "هاوپێچ لەگەڵ نووسراوتان لیستی ناوی شیری منداڵان یەک تاوەکو 14 و لیستی ناوی خواردنەوەی وزەبەخش لە یەک تاوەکو 27 رەوانە دەکەین، بۆیە لەڕێگەی تیمەکانتان دەستبەجێ لە بازاڕ و کۆگەکان دەستیان بەسەردا بگیرێت و کۆبکرێنەوە، چونکە تۆمارنین و رێگەپیدانیان نییە، بەپێی رێنمایی وەزارەتمان ژمارە 2ـی ساڵی 2021."
 
ئەو شیر و وزەبەخشانەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان قەدەخەی کردوون، بەرهەمهێندراوی چەندین وڵاتن لەوانە: (ئێرلەندا، ئەمریکا، بەریتانیا، سویسرا، ڤێتنام، هۆڵەندا، تورکیا، ئەڵمانیا، سعودیە، عێراق، تایلەند، هەرێمی کوردستان-دهۆک و ئازەربایجان).