ئەمساڵ دوو هەزار تۆن گێڵاس لە باخەکانی شنۆ بەرهەم هاتووە
رووداو دیجیتاڵ
شاری شنۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە زۆر شت بەنێوبانگە، لە شارستانییەتی کۆنەوە تاوەکو جوانیی سرووشتەکەی، بەڵام ئەوەی ساڵانە خەڵک لە فێستیڤاڵێکدا کۆدەکاتەوە، گێڵاسە. زیاترین و بە تامترین گێڵاسی کوردستان لەو شارە بەرهەمدێت، بۆیە بە پایتەختی گێڵاس ناسراوە.
شەش ساڵە لە وەرزی پێڕاگەیشتنی ئەو میوەیەدا، لە شنۆ فێستیڤاڵی گێڵاس بەڕێوەدەچێت. فێستیڤاڵێک کە تەنیا بۆ ناساندنی گێڵاس نییە. دەرفەتێکە بۆ ناساندنی تواناکانی دیکەی شارەکە لە بواری کولتووری، هونەری، گەشتیاری و ئابووری.
فێستیڤاڵی ئەمساڵ درەنگتر لە ساڵانی رابردوو بەڕێوەچوو. گێڵاس لە سەرەتاکانی دوایین مانگی بەهار پێدەگات و تاوەکو 45 رۆژ بە دارەکانەوە دەمێنێت. ئەمساڵ بەشێکی زۆر لەو گێڵاسەی لە فێستیڤاڵەکەدا خراوەتەڕوو پێشتر لێکراوەتەوە و لە ساردخانەکاندا راگیرابوو.
ئەمساڵ لە وەرزی گوڵکردنی باخەکانی شنۆ، با و بۆران و سەرمایەکی ناوەخت ئەو شارەی گرتەوە و بووە هۆی هەڵوەرینی بەشێک لە گوڵی دارەکان. بەوەش بەرهەمی باخەکان بە تایبەت باخەکان گێڵاس کەمیکردووە و نزیکەی دوو هەزار تۆن بوو. 50٪ کەمتر لە پار، بەڵام نەبووە هۆی ئەوەی فێستیڤاڵەکەی ساردوسڕ بەڕێوەبچێت.
گێڵاسی ئەمساڵ 150 ملیار تمەن، نزیکەی 3 ملیۆن دۆلار داهاتی بۆ خاوەن باخ و بازرگانانی شنۆ هەبووە. فەرمانگەی کشتوکاڵی شنۆ دەڵێت، حەوت هەزار کەس بە لێکردنەوە و فرۆشتنی گێڵاس هەلی کاریان بۆ رەخساوە.
لە شنۆ 818 هێکتار باخی گێڵاس هەیە. 489 هێکتاری بەرهەمی هەیە و ئەوی دیکە هێشتا بەری نەگرتووە. لە دوو هەزار تۆن بەرهەمی ئەمساڵی باخە گێڵاسەکانی شنۆ، هەزار و 500 تۆنی لە بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران فرۆشراوە و 500 تۆنی هەناردەی رووسیا، هیندستان، باشووری کوردستان و وڵاتانی کەنداو کراوە.