نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان: نۆ گەورە بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکران


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "نۆ گەورە بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکران و دەستبە سەر زیاتر لە 452 کیلۆگرام حەبی کاپتاگۆن و 50 کیلۆگرام ئەفیوندا گیرا."
 
رۆژی یەکشەممە، 06-08-2023 بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "دوای وەرگرتنی بڕیاری دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایش، تیمی لێکۆڵینەوە و بەداواداچوونی بەڕێوەبەرایتییەکەمان بە هاوکاری دژەتیرۆری کوردستان، لە 1ـی ئابی 2023ـەوە توانیان سێ بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیر بکەن، لە لێکۆڵینەکانیش دەرکەوت کە ئەم سێ تۆمەتبارە ئەندامی باندێکی نێودەوڵەتی مادەی هۆشبەرن و زانیاریی تەواویان لەسەر چەند کۆگەیەکی مادەی هۆشبەر لە ناو عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە."
 
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان دەشڵێت: "دوای هاوئاهەنگی لە نێوان وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش، دواتر ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە نێوان بەڕێوەبەرایەتییەکەمان، دژەتیرۆری کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرکانی حکومەتی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک پێکهێندرا، تواندرا لە پارێزگای دهۆک سێ گەورە بازرگانی مادە هۆشبەرەکان دەستگیربکرێن و لەگەڵیشیان دەستبەسەر بڕی 236 کیلۆگرام حەبی کاپتاگۆن و 35 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لەجۆری ئەفیون دا بگیرێت."
 
لەبارەی سەرچاوەی مادەی هۆشبەرەکان، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان دەڵێت: "ئەم تۆڕە مەترسیدارە نێودەوڵەتییە لە وڵاتانی دراوسێ بووە بە ئاراستەی هەرێمی کوردستان و عێراق لەوێشەوە بە ئاراستەی وڵاتانی کەنداو رۆیشتووە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، "لە ناوچەی رەبیعە و پارێزگای رومادی بەهەمانشێوە، شەش بازرگان دەستگیرکران و لەگەڵیشیان دەست بەسەر بڕی 216 کیلۆگرام حەبی کاپتاگۆن و 15 کیۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری ئەفیوندا گیرا."