مەلا مەزهەر: کە سەلامم دایەوە بینیم قوباد تاڵەبانی لە پشتمەوە نوێژ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە چەند مامۆستایەکی ئایینی کرد. لە میواندارییەکەدا نوێژی بە کۆمەڵیان کرد و قوباد تاڵەبانیش، نوێژی کرد. مەلا مەزهەر خۆراسانی کە پێشنوێژی بۆ کردن دەڵێ: "کە سەلامم دایەوە ئەوجا بینیم قوباد تاڵەبانیش نوێژی کردووە."
پێشوازییەکە رۆژی دووشەممە، 05-08-2024 بوو. مەلا مەزهەر خۆراسانی کە لە میواندارییەکەدا بوو بە رووداوی گوت: "قوباد تاڵەبانی، وەکو جێگری سەرۆکوەزیران بانگهێشتی مامۆستایانی ئایینی کردبوو، لە کۆبوونەوەکەشماندا هیچ بابەتێکی کەسیی باس نەکرا و تەنیا کێشەکانی خەڵک لەپێناو چارەسەر باسکران."
مەلا مەزهەر خۆراسانی دەڵێت: "باسی خراپی رێگەوبان، کەمئاوی، بێ کارەبایی، بێ مووچەیی و دانەمەزراندنمان کرد و داوای چارەسەرمان کرد."
ئەو مامۆستا ئایینییە ئاماژە بە پرسێکی دیکە دەکات کە بە بەڵایەکی گەورە بۆ کۆمەڵگە وەسفیکرد و گوتی: "باسی کارەساتی هاوڕەگەزخوازیمان کرد، ئێمە گوتمان ئەمە بە کۆمەڵگەی کوردی موسڵمان زۆر نامۆیە و دەگوترێ ئێوە (قوباد تاڵەبانی) پاڵپشتیی ئەو بابەتە دەکەن. قوباد تاڵەبانی پێیگوتین: جگە لە دژایەتیکردنی ژنکوشتن، هەرچییەک لەبارەی منەوە گوتراوە پڕوپاگەندە و ناڕاستە."
لەو کۆبوونەوەیەدا نوێژی بە کۆمەڵ کرا و مامۆستا مەزهەر پێشنوێژیکرد و یەکێک لە نوێژخوێنەکان قوباد تاڵەبانی بوو. مامۆستا مەزهەر دەڵێت: "نەمزانی کاک قوبادیش نوێژ دەکات، کە سەلامم دایەوە بینیم، دڵخۆشبووم و پێمگوت. ئەویش گوتی: ئێمە بەڕاستی شێخین نەک تەنیا بە بانگەشە."
مەلا مەزهەر خۆراسانی دەڵێت: "هەموو مامۆستایانی ئایینی قسەی دڵی خۆیان بە جێگری سەرۆکوەزیران گوت، منیش گوتم: سیاسییەکان ئەوەندە کاری ناباشیان کردووە، ئێستا بوونەتە کەسانی ناجوان، کە ئێمەش سەردانتان دەکەین، ناجوان دەبین. بەڵام ئێمە ئەو قوربانییە دەدەین لەپێناو ئەوەی ئێوە و نیشتمانیش بەرەو ئاقاری خێردا بڕوات."