بەرهەم ساڵح: مام جەلال لە ماڵئاواییشدا ناکۆکەکانی کۆکردەوە

رووداو - سلێمانی

بەرهەم ساڵح دەڵێت، مام جەلال لەماوەی 50 ساڵی رابردوودا توانی دەستکەوتی گەورە بۆ گەلی کورد بەدەسبهێنێت و ئێستا پێویستە لایەنەکان یەکڕیز بن بۆ چارەسەری کێشەکان.

لەکاتی چاوەڕوانی بۆ گەیشتنی تەرمی مام جەلال بە دەباشان، بەرهەم ساڵح بە رووداوی راگەیاند، کۆچی دوایی مام جەلال کۆستێکی گەورەیە، چونکە مام جەلال کەسایەتییەکی گەورەی کوردستان و ناوچەکە بوو، جێ پەنجەی بە رووداوەکانی 50 ساڵی رابردووی کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبووە و دەستکەوتی گەورەی بۆ گەلەکەی بەدەستهێناوە

بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوەشکرد، مام جەلال هەمیشە کۆکەرەوەی ناکۆکەکان بوو، لە مردنیشیدا ئەوانەی کۆکردەوە کە بۆچوون و دیدەکانیان جیاوازن.

د. بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوەشکرد، مام جەلال پردی پەیوەندی و بەرژەوەندی هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە دروست دەکرد بۆ ئەوەی کورد لەم ناوچەیەدا بە تەنیا نەمێنێتەوە.

داڕشتنەوە: حەکیم داود