بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە: عێراق 100 ملیۆن دۆلاری بە کڕینی درۆن داوە و درۆنەکان نافڕن
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە دەستەی پیشەسازیی سەربازیی عێراق رایدەگەیێنێت، عێراق هیچ درۆنێکی نییە، ئەگەر هەشیبێت لە دەستی حەشدی شەعبی دایە و ئێران پێیداون. دەشڵێت، عێراق بە بەهای 100 ملیۆن دۆلار گرێبەستی بۆ کڕینی درۆن کردووە، بەڵام درۆنەکان نافڕن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 06-10-2022، لیوای مافپەروەر ئەحمەد عارف ئامێدی، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە دەستەی پیشەسازیی سەربازیی عێراق، میوانی بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 13:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات. رایگەیاند: "لە دوای ساڵی 2003، چەند بڕیارێکی نێودەوڵەتی بەسەر عێراقدا سەپێندراون، عێراق تەنیا مافی ئەوەی هەیە چەکێک بکڕێت بۆ ئەوەی سیستمی بەرگریی بەهێز بکات، مافی ئەوەی نییە چەکێک بکڕێت بتوانێت هێرشی پێ بکات".
ئەحمەد عارف نموونە بەو چەکانە دەهێنێتەوە کە کاتی خۆی عێراق هەیبوون و دەڵێت: "بۆ نموونە لەسەردەمی بەعس هەندێک مووشەک هەبوون وەکو حەسەن و حوسێن کە توانای بڕینی 1500 کیلۆمەتریان هەبوو، بەڵام ئێستا تەنیا مافی بەکارهێنانی ئەو مووشەکانەی هەیە کە توانای بڕینی 50 کیلۆمەتریان هەیە، ئەوەش بۆ ئەوەیە عێراق هەر بە لاوازی بمێنێتەوە بەرامبەر تورکیا و ئێران".
سەبارەت بە بابەتی پێدانی درۆن بە هێزەکانی پێشمەرگە و رێگریکردن لەو بابەتە لە لایەن عێراقەوە، نوێنەرەکەی وەزارەتی پێشمەرگە لە دەستەی پیشەسازیی سەربازیی عێراق گوتی: "عێراق تاوەکو ئێستا هیچ درۆنێکی نییە، ئەگەر هەشیبێت بە دەستی حەشدی شەعبییەوەیە کە ئێران پێیانی داوە."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای کرد: "عێراق گرێبەستی لەگەڵ وڵاتێک کردووە بە بەهای 100 ملیۆن دۆلار، خۆم لەو کۆبوونەوەیە ئامادەبووم، بەڵام هیچ یەکێک لەو درۆنانە نافڕن".
بە بڕوای ئەحمەد عارف، ئەگەر یەکێک ئێستا بەدواداچوون بۆ ئەو گرێبەستانە بکات کە عێراق بۆ کڕینی چەک کردوویەتی "عەقڵ و لۆژیک و خەیاڵ پێشبینی بۆ ناکات، بۆ نموونە گرێبەستێک دەکەن بۆ کڕینی چەند تۆپهاوێژێک کە بەهاکەی ناگاتە سێ بۆ چوار ملیۆن دۆلار، بەڵام ئەوان دێن و دوو سفری بۆ زیاد دەکەن و دەبێتە 30 ملیار".
ساڵی 2019 پەرلەمانی عێراق یاسای دامەزراندنی دەستەی پیشەسازیی جەنگی دەركرد. ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2003، بە بڕیارێكی پۆل برێمەر، حاكمی مەدەنیی ئەمریكا ئەو دەستەیە هەڵوەشێندرابووەوە.
رۆژی 2-10-2022، رزگار حەمەد مەحموود، بڕیاردەری لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە دەستخستنی درۆن لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە پێیانگوتین و بۆ خۆشمان لەگەڵ هێز و فەرماندەکانی هێزەکانی هاوپەیمان کۆبووینەوەتەوە و لەبارەی پێدانی درۆن بە هەرێمی کوردستان پێمانگوتوون، ئەوان ئامادە نین بەبێ رەزامەندیی عێراق درۆن بە هێزەکانی پێشمەرگە بدەن، چونکە دەوڵەت نین، ناتوانین سەربەخۆ درۆنتان پێبدەین."
رۆژی 10-6-2022، جەبار یاوەر کە ئەوکات ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بوو، رایگەیاند، عێراق رازی نییە هاوپەیمانان درۆن بە هێزەکانی پێشمەرگە بدەن. گوتیشی: "ئێمە تاوەکو ئێستا درۆنمان نەبووە لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەوەی راهێنان بکەن و شارەزابن لە بەکارهێنانی درۆن و هیچ تیمێکیشمان نەناردووە بۆ ئەوەی راهێنانی لەسەر بکات، بەڵام لە وەزارەتی پێشمەرگە تیمێکمان ئامادە کردووە و هەرکات رەزامەندیی درا لەسەر وەرگرتنی، درۆن ئامادەن."