سەنتەری ڤیزای تورکیا لە هەرێمی کوردستان: ئاگاداری ڤیزای ساختە بن


رووداو دیجیتاڵ

سەنتەری پێدانی ڤیزای تورکیا لە هەرێمی کوردستان هۆشدارینامەیەکی لەبارەی وەرگرتنی ڤیزای تورکیا لە عێراق بڵاوکردەوە و دەڵێت: "سکاڵایەکی زۆرمان لەبارەی ڤیزای نافەرمییەوە پێگەیشتووە." خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیش دەڵێت: "پێدان و وەرگرتنی ڤیزا بەشێوەیەکی نافەرمی زیادیکردووە و خەڵکانێک هەڵدەخەڵەتێنرێن."
 
سەنتەری پێدانی ڤیزای تورکیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە کۆمپانیای گەیت وەی، کە تاکە کۆمپانیایە مامەڵەی پێدانی ڤیزای تورکیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات، لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی چوارشەممە بڵاویکردووەتەوە هۆشداری دەداتە ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ڤیزای تورکیا وەربگرن و دەڵێت: "لە چەند مانگی کۆتایی ژمارەیەکی زۆر سکاڵامان لەلایەن چەندین کەسەوە پێگەیشتووە لەبارەی ستەملێکردنیانەوە بەهۆی وەرگرتنی ڤیزای تورکیا بەشێوەی نافەرمی."
 
سەنتەرەکە هەروەها دەڵێت: "ئەوان گوتوویانە رێگەی چوونە نێو تورکیایان لێگیراوە و لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە گەڕێندراونەتەوە دوای ئەوەی دەرکەوتووە ڤیزاکانیان ساختە بووە."
 
سەنتەرەکە ئاگاداری هاونیشتمانییان دەکاتەوە، کە سەرجەم ڤیزاکانی تورکیا ئەگەر لەلایەن سەنتەرەکانیان و لەلایەن نێردە دیپلۆماسییەکانی تورکیاوە پەسندنەکرێن ئەوا کاریان پێناکرێت و بەکارناهێنرێن.
 
سەنتەری پێدانی ڤیزای تورکیا لە روونکردنەوەکەیدا داواش دەکات بە رێکلامەکانی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باوەڕ نەکەن: "چونکە ئەوانە راستییەکەی ڤیزای ساختەن و دەبێتە هۆکاری رێگەگرتن لێتان لە چوونە نیو تورکیاوە".
 
خاوەنی نووسینگەیەکی گەشتیاری پشتڕاستی کردەوە کە ڤیزای ساختە زیادبووە. رۆژی چوارشەممە، 5ـی ئۆکتۆبەری 2022، ئەحمەد مەحموود، خاوەنی نووسینگەی دامان بۆ گەشتیاری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەداخەوە ماوەیەکە هەندێک کەس و کۆمپانیا و نووسینگەش بەناوی پێدانی ڤیزای تورکیا خەڵک هەڵدەخەڵەتێنن، بۆیە دەبێت ئەو کەسانەی دەیانەوێت ڤیزا بەدەستبهێنن لە رێگەی فەرمییەکەیەوە پێشکەشی بکەن."
 
تورکیا 13 ناوەندیی پێدانی ڤیزای لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق هەیە و رۆژانە نزیکەی حەوت هەزار ڤیزا دەداتە خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان.