ئاسایشی رۆژئاوا: لە ‌هێرشەکانی تورکیا 21 شوێن کرانە ئامانج و 11 کەس گیانیان لەدەستداوە


رووداو دیجیتاڵ 
 
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رایدەگەیێنێت، بەهۆی هێرشەکانی دوێنیی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی بەڕێوەبەریێتی خۆسەر 11 کەس گیانیان لەدەستدا و 10 کەسی دیکەش بریندار بوون. دەشڵێت ژمارەی ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج 21 پێگە و شوێن بوون، لەنێویاندا 10یان ژێرخان بوون، هەشتیشیان شوێنی نیشتەجێبوون بوون، سێ شوێنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆش کراونەتە ئامانج.
 
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکانی دوێنێی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ئاشکرایکرد: "رۆژی پێنجشەممە 5ـی ئۆکتۆبەری 2023، لەچوارچێوەی هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر چەندین ژێرخان، دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و سەرچاوەکانی ژیان لەو ناوچانە بە درۆن کرانە ئامانج."
 
بەپێی ئامارەکانی ئاسایش لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا 21 شوێن کراونەتە ئامانج، 11 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە پێنجیان سڤیل بوونە و شەشیان ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆن، هەروەها 10 کەسیش برینداربوون کە هەشتیان سڤیل و دوویان ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆن.
 
سەبارەت بەو شوێنانەشی کە کراونەتە ئامانج، روونیدەکاتەوە: "ئەو 21 شوێنەی کراونەتە ئامانج 10یان ژێرخان و 8یان شوێنی نیشتەجێبوون و سێ شوێنیان پێگەکانی هێزەکانی ناوخۆن."
 
ئەو شوێنانەی لەلایەن درۆنەکانی تورکیاوە کراونەتە ئامانج، بەپێی راگەیێندراوەکە، لە شارەکانی حەسەکە، قامشلۆ، تل تەمر و کۆبانێ و ناوچەی شەهبا بوون.
 
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ناوچە بۆردومانکراوەکانیشی ئاشکراکردووە کە ئەمانەن:
 
- حەسەکە: کارگەیەک لە گوندی مشێرفەی حمێ، دەوروبەری کەمپی واشوکانی، ئۆتۆمبێلێک، وێستگەی کارەبای بەنداوی رۆژئاوا کە کارەبا بۆ بەشێکی فراوانی شاری حەسەکە و دەوروبەری دابیندەکات.
 
- قامیشلۆ: دەوروبەری بەنداوی چل ئاغا، تل حەبەش لە دەوروبەری عامودا، ناوچەیەکی نەوتی نزیک گوندی کەرداهۆڵ لەناوچەی تربەسیێ، وێستگەی سەیدەی نەوتی لە دەوروبەری تربەسپێ ، وێستگەی نەوتیی ئەلقۆس لە ناوچەی ئالیان لە چل ئاغا، وێستگەی کارەبای پشتێنەی باشوور لە شاری قامیشلۆ، خاڵێکی سەربازیی نزیک لە وێستگەی کارەبا لە پشتێنەی باشووری شاری قامیشلۆ، کێڵگەی عودەی نەوتی لە تربەسیێ، بیرە نەوتییەکانی تل خاتوون لە تربەسیێ، وێستگەی خەراب عەسکەری سەر بە حکومەتی سووریا لە دەروبەری باشووری تربەسیێ.
 
- تل تەمر: گوندی تل تەویڵ، دەوروبەری وێستگەی گۆڕینی ئاو لە گوندی روکبە، گوندی دەردارە.
- کۆبانێ: سرڕین، گوندی قەشف، ماتۆڕسکیلێک لە گوندی چەلەبیە رۆژهەڵاتی کۆبانێ لەسەر رێگەی نێودەوڵەتی M4.
- ناوچەی شەهبا: درۆنێک خاڵێکی هێزەکانی حکومەتی سووریایان لە گوندی مەیاسە کردووەتە ئامانج و ژمارەیەک سەرباز برینداربوون.
 
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا داوا دەکات کە خەڵکی ناوچەکە هاوئاهەنگ بن و بۆ پاراستنی ژیانیان پەنا ببەنە بەر شوێنە پارێزراوەکان، هەروەها دەڵێت: "پابەند دەبین بە پارێزگاریی لە سەقامگیریی ناوچەکە و پاراستنی خەڵکەکەی لەهەر هێرشێکدا."
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا بەیانی ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، دوای هێرشەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر سەربازگەیەکیان لە ناوچەی دابق لە سووریا، هێزەکانیان بەشێوەیەکی "بەهێز" وەڵامیان داوەتەوە، لە ئەنجامدا 26 شەڕڤانی یەپەگە گیانیان لەدەستداوە.
 
بە گوێرەی میدیاکانی تورکیا کاژێر 01:49 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 6ـی تشرینی یەکەمی 2023 فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، کە لە بنکەی سەربازی ئامەد فڕیون، جارێکی چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستانیان بۆردوومان کردووە و دووکەڵی بۆردوومانەکە لە ئاسمانی پارێزگای مێردینی باکووری کوردستانەوە بینراوە.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، شەوی پێنجشەممە، رایگەیاند، کاژێر 23:00ـی هەمان شەو، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی ناوچەی تەلرەفعەت، جزیرێ و دێرکی رۆژئاوای کوردستانیان کردووە و 30 ئامانجیان پێکاوە.