منداڵێکی رۆژهەڵاتی کوردستان پلەی چوارەمی ئاسیا لە یاریی شەترەنج بەدەستدەهێنێت


رووداو دیجیتاڵ 

بە تەمەنی کەمتر لە 8 ساڵەوە بە یەکێک لە یاریزانە بەهێزەکانی یاریی شەترەنج لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناسراوە. توانیویەتی لە ژوورێکدا لە شاری بۆکان بە چاودێریی دوو کامێراوە، بەشداریی لە کێبڕکێی ئاسیادا بکات و پلەی چوارەم بەدەست بهێنێت.
 
پایار شەمسی ناوی ئەو یاریزانەیە، دەڵێت، "لە پێشبڕکێی ئاسیاییدا، دەبوایە دووربین دووەم و دووربین ئەوەڵ هەڵبایەن. کەس رێگەی نەبوو بێتە نێو ژوورەکەی منەوە. منیش لەوێدا ئیمتیازی 7.5م بەدەستهێنا. لەگەڵ کەسی یەکەم کە رەتینگی فیدەکەی 1361 بوو، مساویم کرد." 
 
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی سەرکەوتنی پایار، پرۆڤەی زۆری رۆژانەیە، ئەویش لەژێر چاودێریی دایک و باوکیدا بووە. دایک و باوکی کاتێک بە لێهاتوویی کوڕەکەیان زانیوە، بۆ هەموو کێبڕکێیەکان لەگەڵی چوون و نەیانهێشتووە لە یاریی شەترەنج دوور بکەوێتەوە.
 
پەخشان رەشید ئازەر، دایکی پایارە و دەڵێت، کوڕەکەوە لە ماڵەوە لانی کەم رۆژانە هەشت کاژێر پرۆڤە دەکات، "مەتەڵ حەل دەکات، لە پێشبڕکێی جۆراوجۆردا بەشداری دەکات. چ لە ئێران و چ لە وڵاتانی دیکە. ئەوانە بوونە هۆی ئەوەی کە کەم کەم، بەو ئاستە بگات. بۆ پێشبڕکێی دیکەشمان زۆر بردووە. لە 5 ساڵیدا بۆ پێشبڕکێی نێو ئێران، دوو مانگ بوو تەمرینی دەکرد بردمانە سیلوانا بۆ پێشبڕکێی کیشوەری."
 
راهێنەرەکانی کە بە شێوەیەکی جیدی چاودێریی پەروەردەی پایاریان لە یاریی شەترەنجدا کردووە، پاڵپشتیی دایک و باوکی پایار بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دەستکەوتەکانی ئەو منداڵە دەزانن. 
 
ئیسماعیل عەبدولقادری، راهێنەری شەترەنجە و دەڵێت، "ئەگەر باسی هۆکاری سەرکەوتنی منداڵان بکەین، من هەمیشە گوتوومە سەرکەوتنی منداڵان سێ هۆکاری هەن، لە هەموو بوارێکی وەرزشیدا. یەکەم پەیوەندیی منداڵەکەیە، دووەم پاڵپشتیی دایک و باوکە، سێیەمیش نەقشی راهێنەرەکەیەتی کە بە راستی بەرچاوە. خۆشبەختانە پایار هەموویانی هەیە. پێویستە زۆر دەستخۆشی لە دایکوباوکی بکەم، چونکە من ئاگادارم دایکوباوکی چ زەحمەتێکی بۆ دەکێشن، خانمی شەمسی زۆر جار هاتووەتە سەر کلاس بە سەعات لە لای پایار دانیشتووە."
 
ساڵی رابردوو، پایار وەکو یەکێک لە ئەندامانی هەڵبژاردەی شەترەنجی منداڵانی ئێران بانگهێشت کرا، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار ناوی دەسڕدرێتەوە و دوایی بە بەدواداچوونی خێزانەکەی، راهێنەرەکانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی شاری بۆکان، جارێکی دیکە بانگهێشتی هەڵبژاردەی شەترەنجی منداڵانی خوار 8 ساڵی ئێران دەکرێتەوە.
 
فەرزاد حەسەنزادە، سەرۆکی ئەنجوومەنی شەترەنجی بۆکان دەڵێت، "بۆ هەڵبژاردنی تیمی میلـلی، پایار کە بەشداریی کرد، لە 8 یاری هەر هەشتیانی بردەوە. هەموو ئیمتیازەکانی وەرگرت، بەڵام حەزفیان کرد. پێویست دەکات لێرەوە دەستخۆشی لە نوێنەری بۆکان و سەرۆکی فەرمانگەی وەرزش و راهێنەرەکەی کە زۆریان زەحمەت کێشا، زۆر هەوڵیان دا، پەیوەندییان گرت و توانیان دادوەرێکی نێودەوڵەتی بۆ دابینبکەن کە مافی پایار وەربگرن ببێتە ئەندامی تیمی میللـی."
 
راهێنەرانی شەترەنج چاوەڕێی داهاتوویەکی گەش بۆ پایار شەمسی دەکەن، کە بەو تەمەنە کەمەوە بووەتە یاریزانێکی لێهاتووی یاریی شەترەنج.