وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: دانەگاز بەبێ رەزامەندی ئێمە ناتوانێت گاز بۆ شوێنی دیکە بگوازێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕی گازی پێویست بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان دابین نەكراوە، دەشڵێت، كۆمپانیای دانەگاز بەهیچ شێوەیەك بۆی نییە بەبێ رەزامەندیی حكومەتی هەرێمی كوردستان گاز لە کێڵگەکانی هەرێمەوە بۆ هیچ شوێنێکی دیکە بگوازرێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 06-11-2023، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی راکێشانی بۆری گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەیەکى کارەباى کەرکووک دەڵێت، ئەو بۆرییەی لە راگەیاندنەكاندا باس کراوە، لە ساڵانی هەشتاكانەوە هەبووە و كۆمپانیای دانەگاز پێشتر بۆ بابەتی گواستنەوەی كوندینسیت بەكاریهێناوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ".لە کۆبوونەوەی رۆژی 2-10-2023 بە دانەگازمان راگەیاندووە کە نابێت بەبێ رەزامەندی ئێمە، گازی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ هیچ شوێنێکی ناوخۆ و دەرەوە هەناردە بکەن."
 
هاوکات ئەمڕۆ 6-11-2023، ئەحمەد نەجمەدین، بەرپرسی هۆبەى بونیاتنان لە کۆمپانیاى هێڵەکانى نەوت لە کەرکووک کە سەر بە وەزارەتى نەوتى عێراقە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پڕۆژەى راکێشانى هێڵى گواستنەوەى گاز لە کێڵگەى کۆرمۆرى ناحیەى قادرکەرەمەوە بۆ وێستگەى کارەباى تازە، کۆتاییهات. پڕۆژەکە لە 5ـی تشرینى یەکەم دەستیپێکرد و لەماوەى 15 رۆژدا تەواو بوو."
 
ئەو بۆرییە دەتوانێت رۆژانە 100 ملیۆن پێ سێجا گاز بگوازێتەوە، لەکاتێکدا دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق ئەمڕۆ دووشەممە تاوتوێى سکاڵایەک کرد کە دژى کڕینى گاز لە هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە.
 
دانیاڵ هەمەوەندى، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى کارەباى کەرکووک لەبارەیەوە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "راکێشانى ئەو هێڵەى گازى کۆرمۆر بۆ وێستگەى تازە بەهۆى کەمى گازەوەیە. وێستگەکە سوود لەو گازە وەردەگرێت بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا."