لە پیرەمەگروون خۆپێشاندەران هێرش دەکەنە سەر بارەگاکانی یەکێتی و پارتی
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ خۆپێشاندانی بەشێک لە هاووڵاتیانی پیرەمەگروون دەستی پێکرد، خۆپێشاندەران هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی یەکێتی و پارتی لە شارۆچکەکە و هەوڵی ئاگرتێبەردانیان دا.
جەزا سەید مەجید، بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە رووداوی گوت، هەندێک کەس لەناو خۆپێشاندەکان ئاراستەی خۆپێشاندانیان گۆڕیوە و چوونەتە سەر کۆمیتەی یەکێتی لە پیرەمەگروون.
بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە سۆشیاڵمیدیا بڵاوبوونەتەوە، خۆپێشاندەران هێرشیان کردووەتە سەر بارەگای پارتیش لە شارۆچکەکە.
شێروان ئاغا، بەرپرسیی ناوچەی پیرەمەگروون بە رووداوی راگەیاند، بەشێک لە خۆپێشاندەران هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای ناوچەی پارتی، "بەڵام نەسووتێنراوە".
پێشتر سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی بە رووداوی راگەیاند، تەقە لە ناوچەی پارتی دەکرێت. هاوکات بەشێک لە خۆپێشاندەران ئاگریان لە بەشێکی بارەگاکە بەرداوە.
بەپێی سەرچاوەکانی رووداو لەنێو خۆپێشاندانەکان، بەشێک لە خۆپێشاندەران چەکیان پێیە، بەشێکیشیان بوتڵی شووشەی پڕ بەنزین بەرەو باڵەخانەی ناوچەی پارتی هەڵدەدەن. هاوکات پاسەوانانی ناوچەی پارتی تەقە بەسەر خۆپێشاندەراندا دەکەن.
جەزا سەید مەجید، بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هاووڵاتیان و مووچەخۆران لە شارۆچکەی پیرەمەگروون خۆپێشاندانیان کردووە و "ئێمەش هەڤاڵانی خۆمان راسپاردووە بەهیچ جۆرێک نابێت ئازار بەهیچ کەسێک بگات و نابێت کەس تەقە بکات".
بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانیی یەکێتی باسی لەوەشکرد، لەناو خۆپێشاندەرانی پیرەمەگروون تەقە کراوە، پشێوی نراوەتەوە و ئاراستەی خۆپێشاندانەکانیان گۆڕیوە".
سەرچاوەیەکی ئاگاداریش لەنێو خۆپێشاندانەکانەوە بە رووداوی راگەیاند، پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان پارێزگاری لە ناوچەی پارتی دەکەن و هەوڵی دوورخستنەوەی خۆپیشاندەران دەدەن.
پێشتر وا بڵاوکرایەوە کە خۆپێشاندەران هێرشیان کردبووە سەر مەکۆی گۆڕانیش لە پیرەمەگروون، بەڵام عەزیز محەممەدئەمین، لێپرسراوی بازنەی پیرەمەگروونی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە هیچ بارەگایەکمان لە پیرەمەگروون نییە، زیاتر لە پێنج مانگە ئەو باڵەخانەیەیان چۆڵکردووە کە مەکۆی بزووتنەوەکەی تێدابووە.. هەواڵی هێرشکردنە سەر مەکۆی گۆڕانیش چەواشەکارییە و راست نییە".