سوودانی داوا دەکات لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە رێگری لە هەڵبژاردن دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوزیرانی عێراق جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و رووبەڕووبونەوەی هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی دەکاتەوە و دەڵێت، "سزای هەموو ئەو کەسانە بدرێت کە رێگری لە هەڵبژاردن و جێبەجیکردنی یاسا دەکەن."
 
رۆژی چوارشەممە، 6-12-2023، محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی ئەمنی کرد. 
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، "محەممەد شیاع سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی لە وڵات کردەوە و داوایکرد رووبەڕووی هەر هەوڵێک ببنەوە کە بیەوێت تێکیانبدات، چونکە هەردووکیان بنچینەیەکی سەرەکیین کە پلانی گەشەپێدان پشتیان پێدەبەستێت، بەو پێیەی پلانەکە دەبێتە هۆی هەستانەوە لە سەرجەم کەرتەکان، لەسەروویانەوە لایەنی خزمەتگوزاری."
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "پێویستە پارێزگاری لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و جێبەجێکردنی یاسا بکرێتەوە بەپێی ئەو رێڕەوە دەستوورییانەی هەیە و لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە دەیانەوێت رێگری لێبکەن."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە درێژەی قسەکانیدا بۆ فەرماندە ئەمنییەکان، لەبارەی پلانی ئەمنیی هەڵبژاردنەوە گوتی: "پێویستە ئەو پلانە بەردەوام نوێبکرێتەوە تاوەکو وەڵامدانەوەی بۆ هەر گۆڕانکاری یان رووداوێکی لەناکاوی ئەمنی کە روودەدات، هەبێت."
 
بڕیارە لە رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام  چەند رۆژێکە لە پارێزگاکانی بەسرا و بەغدا و بابل هێرشکراوەتە سەر بارەگا و نووسینگەی ژمارەیەک بەربژێر بەتایبەت ئەوانەی لەلایەن هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و رەوتی حیکمەوە بەربژێرکراون.