ئەو باوکەی لە هەولێر کچەکەی کوشت خۆی رادەستی پۆلیس دەکات
رووداو دیجیتاڵ
عەمید دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو باوکەی کە کچە 15 ساڵانەکەی کوشت، ئەمڕۆ خۆی رادەستی پۆلیس کردووە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. برایەکی تۆمەتبارەکەیش دەڵێت، بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بووە.
پێش نیوەڕۆی رۆژی هەینی، 06-01-2023، لە گەڕەکی موفتیی شاری هەولێر باوکێک کچێکی خۆی کوشت و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار هەڵهات. ئەمڕۆ شەممە، عەمید دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە رووداوی راگەیاند، تۆمەتبارەکە خۆی رادەستی هێزەکانیان کردووە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەو کەسەی تاوانەکەی کردووە، ناوی (ب، ف، ع)ـە و تەمەنی 35 ساڵە، کچەکەیشی ناوی رەها -یە و تەمەنی 15 ساڵ بووە. گوتیشی، "پێش کوشتنی کچەکەی، بکوژ بە شێوەیەکی 'دڕندانە' ئەشکەنجەی کچەکەی داوە و دواتر کوشتوویەتی."
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت، دوای رووداوەکە هێزەکانیان هەوڵەکانیان چڕکردەوە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبار، بەڵام ئەمڕۆ شەممە "تۆمەتباری بکوژ" خۆی رادەستی هێزەکانیان کرد و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رێکخراوە و رەوانەی دادگە کراوە بۆئەوەی سزای یاسایی خۆی وەربگرێت.
پێش خۆرادەستکردنی تۆمەتبارەکە، رێبەر فازڵ، برایەکی تۆمەتبارەکە قسەی بۆ فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداو کرد و رایگەیاند، براکەی بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بووە و پێشتر تەقەی لە خۆی و برایەکی دیکەیشی کردووە.
رێبەر فازڵ گوتی، براکەی زۆر جار هەڕەشەی لە خۆی و براکەی دیکەیشی کردووە و داوای لێکردوون کە پەیوەندییان بە منداڵەکانی ئەوەوە نەبێت. دەشڵێت، "بەڵام ئێمە لەبەر خاتری ئەوە مامی منداڵەکانین کە بەشێوەیەکی خراپ مامەڵەی لەگەڵ دەکردن و وەکو دیل وابوون، هەرکەسێک قسەیەکی کردبا هەڕەشەی لێ دەکرد و منداڵەکان نەیاندەوێرا ئیفادەش بدەن."
ئەو برایەی تۆمەتبارەکە باسی لەوەش کرد، بەهۆی ئەو کارەی براکەیەوە، منداڵەکانی لە خوێندن دابڕاون و خێزانەکەیشی بەوهۆیەوە پێنج مانگە لە کاری مامۆستایەتی دابڕاوە.