بەهۆی بینینی خەوێکەوە، دوای 52 رۆژ ئومێدی دۆزینەوەی تەرمی دانەر زیندوو دەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای 52 رۆژ گەڕان بەدوای دانەری تەمەن 10 مانگ کە لە لافاوەکەی 17-12-2022 لە هەولێر ئاو بردی دەستیپێکردەوە، ئافرەتێک لە پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە دووجار خەون بە شوێنی تەرمەکەی دانەرەوە دەبینێت و کەسوکاری دانەر ئاگادار دەکاتەوە.
ئافرەتەکە بە دایک و باوکی دانەری گوتووە، تەرمی دانەر لەو زەوییانەی دەوروپشتی ماڵی خۆیانە و دوورتر نەڕۆیشتووە، دایک و باوکی دانەریش بە تاسەوە چاویان لەو دەمە شۆفڵەیە کە خۆڵ و لیتەی بەشێک لە زەوییەکان هەڵدەداتەوە.
نەبەز ساڵح، باوکی دانەر لەبارەی تەلەفۆنەکەی ئەو ئافرەتەوە دەڵێت، "سێیەم جار بوو ئەو خوشکە تەلەفۆنی کرد لە هەڵەبجە وتی خەونم بە دانەرەوە بینیوە لە پشت ماڵی خۆتان چەند پارچە زەوییەک هەیە".
هێرۆ شامل، دایکی دانەر دەڵێت، "لە پاش کوڕەکەم هەرچییەکم لێدێ قەیناکە، تاقەتم نییە بچمە لای دکتۆر، سێ رۆژ پێش ئێستا حەبی خەو و ژانەسەرم وەرگرتووە، خەوم نییە، شەوان کە دەخەوم وادەزانم لە تەنیشتم درێژبووە، هەڵدەستم وا دەزانم دەگریێ، تاوەکو شیری بدەمێ".
ئەرخەوان لەتیف، ئەو کەسەی خەونەکەی بینوە دەڵێت، "دانەرم بینی لەناو لافاوەکە بەس نەچوو بۆ چەمەکە، شەپۆلی ئاوەکە لایدا بۆ لای پارچەیەک زەوی چۆڵ کە نەکراوە بە خانوو، هەر لە نزیک ماڵی کاک نەبەز".
دوای دیارنەمانی دانەریش تیمە جیا جیاکان زیاتر لە مانگێک بەردەوام بەدوای دانەر دەگەڕان.
سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، "ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئێمە لەگەڵیانین و ئەوان هەرکاتێک پێویستیان بە ئێمە بێت، ئێمە لەخزمەتیانین".
دکتۆر دیلمان ئازاد، پزیشکی پسپۆڕیی دادوەری دەڵێت، ئەگەر بێتو 50 رۆژ بەسەریدا تێپەڕێت، ئەوە پێی دەڵێن "بۆگەنبوونی پێشکەوتوو"، لەو دۆخەدا ماسولکەکانی لەش و شانەکان لە جەستە دەبنەوە و رەنگیشی بەتەواوەتی گۆڕاوە ئەوەی دەمێنێتەوە پرچ و نینۆک و ئێسکەکانە.
تیمەکە دوای زیاتر لە چوار کاژێر هەوڵدان تەرمی دانەریان نەدۆزییەوە، چاوەڕوانی دایک و باوکی کۆتایی نەهاتووە و دەرگەی گەڕانەوە و سۆراخی دانەریان بە کراوەیی هێشتەوە.
لە لافاوەکەی رۆژی 17-12-2021ی هەولێر 12 کەس گیانیان لەدەستدا، 11 تەرم دۆزرانەوە؛ تاوەکو ئێستا تەرمی دانەر نەبەزی تەمەن 10 مانگ نەدۆزراوەتەوە.