ئیسماعیل بێشکچی: بە گرنگییەوە چاودێریی کارەکانی رووداو بۆ بابەتی وانەی بژاردە بە زمانی کوردی دەکەم
رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو سات بە سات چاودێریی پرۆسەی داواکاریی وانەی بژاردە بە زمانی کوردیی کردووە و بەردەوامە، وەزارەتی پەروەردەی تورکیا رۆژی 03-01-2022 دەستپێکردنی وادەی هەڵبژاردنی وانەی بژاردەی راگەیاند، کە بۆ پۆلەکانی 5 تاوەکو 8ـە و وانەی زمانی کوردییش رێگەپێدراوە.
هەر لەو کاتەوە تۆڕی میدیایی رووداو بووەتە بڵندگۆیەک بۆ هاونیشتمانیان و جگە لە هاندان، کێشە و ئاستەنگی بەردەم داواکردنی وانەی بژاردەی زمانی کوردیی بە مەبەستی چارەسەرکردن، نیشانداوە. ئەو هەڵمەتەی رووداو بووە جێی سەرنجی نووسەر و کەسایەتییەکانی کورد و بیانییش.
ئیسماعیل بێشکچی، نووسەر و کۆمەڵناسی تورک دەڵێت، "رووداو و عەبدولسەلام ئاکنجی، لەم بابەتەدا کاری زۆر گەورە دەکەن، من بە وردی و بە گرنگییەوە چاودێریی کارەکانیان دەکەم".
رووداو چاوی لەسەر شەقام و کۆڵانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بوو، گوێی بۆ گفتوگۆی نێوان منداڵان هەڵدەخست بۆئەوەی لە زمانی گفتوگۆی نێوانیان ورد ببێتەوە کە ئاخۆ بە زمانی دایک دەدوێن یاخود نا؛ هەروەها لەڕێی پەیامنێرانیەوە هاونیشتمانیانی بەسەردەکردەوە و لەبارەی وانەی بژاردەی زمانی کوردی دەیدواندن.
سەحەر خان، دایکی قوتابی ئاماژە بەوە دەکات، منداڵەکانیان بە تورکی دەدوان و با ئیدی بە زمانی کوردی قسە بکەن، "زمانی دایک کە کوردییە، زمانی ئێمە خۆشە".
مایکی رووداو لەو شوێنانە بوو کە ئاستەنگ لەبەردەم هەڵبژاردنی وانەی کوردی هەبوو. هەڵمەتەکەی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ وانەی بژاردەی زمانی کوردی تەنیا بە باکووری کوردستان و تورکیاشەوە سنوودار نەبوو، لە تاراوگەش رووداو رۆڵی میدیایی خۆی هەبوو.
تاوەکو داواکاری بۆ وانەی کوردی زیاتر بێت، حکومەتی تورکیا ناچاردەبێت مامۆستای زیاتری زمانی کوردی دابمەزرێنێت. وەزارەتی پەروەردەی تورکیا کاژێر 05:00ی ئێوارەی رۆژی دووشەممەی وەکو دوا وادە بۆ داواکاریی وانەی بژاردەی زمانی کوردیی دیاریکردووە.