گوتەبێژی مانگرتووانی سلێمانی: مانگرتووان داوای وەڵامێکی ئەرێنی دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی مانگرتووانی سلێمانی دەڵێت، دۆخی تەندروستیی مانگرتووان باش نییە. ئاماژە بەوەش دەکات، مانگرتووان "داوای وەڵامی ئەرێنی دەکەن" بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکەیان.
 
ئەمشەو عوسمان گوڵپی، گوتەبێژی مانگرتووانی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "دوای تێپەڕینی 11 رۆژ و هەنگاونان بەرەو 12یەمین رۆژ، تیمە تەندروستییەکان باس لەوە دەکەن کە دۆخی تەندروستیی مانگرتووان باش نییە. مانگرتنەکە کاریگەریی لەسەر گورچیلەیان هەبووە؛ هەندێک کاریگەریی دیکەیشی لەسەر جەستەیان دروستکردووە."
 
گوتەبێژی مانگرتووان گوتیشی، ئەمڕۆ شاندێکی پەرلەمانی عێراق سەردانی مانگرتووانیان کرد بۆ گوێگرتن لێیان و رایانگەیاند، "مانگرتووەکان پەیامی خۆیان پێدان و ئەوانیش دۆخی رابردووی پەرلەمانی عێراقیان بۆ روونکردنەوە و پێیان گوتن، تێپەڕاندنی یاسای بودجەی عێراق لە سێیەم رۆژی مانگرتنەکەدا بەشێک بووە لەم گوشارە. هەروەها گوتیان، لە کۆبوونەوەی رابردووی پەرلەمانی عێراقدا یاداشتی مانگرتووەکان خوێندراوەتەوە."
 
عوسمان گوڵپی دەڵێت، "شاندە پەرلەمانییەکە بە مانگرتووانیان راگەیاند، بەشێک لە داخوازییەکانیان جێبەجێ کراوە؛ باسی مووچەی 2025یان کرد و ئاماژەیان بەوە کرد، لەمەودواش بەشوێن داواکارییەکانیاندا دەچن."
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە مەرجی مانگرتووان چییە، گوڵپی گوتی، "مانگرتووان گوتوویانە وەڵامێکی ئەرێنیمان دەوێت. هەر وەڵامێک باوەڕهێنەر بێت بۆ مانگرتووان، ئەوان بەدەمیەوە دەچن و سوپاسی دەکەن."
 
گوتەبێژی مانگرتووان ئاماژەی بەوەش کرد، مانگرتووان بە شاندەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقیان گوت، گرنگە مووچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوو دابەش بکرێت و دواتر هەندێک خاڵ و مەرجی دیکە هەن کە جێبەجێکردنیان پێویستی بە کاتە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عوسمان گوڵپی ئەوەی خستەڕوو، "هەموو مەرجەکە نەهاتووەتەوە سەر دابەشکردنی مووچەی مانگی 12. دابەشنەکردنی مووچەی مانگی 12 بە یەکێک لە گرفتە گەورەکان دانراوە و پێشنیاز کراوە دابەش بکرێت، نەوەک ئەوەی گوترابێت مووچەی مانگی 12 بدرێت و ئەوانیش مانگرتنەکە دەشکێنن."
 
گوتەبێژەکەی مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک لە مانگرتووان تاوەکو ئێستا سوورن لەسەر ئەوەی چارەسەری تەندروستی وەرنەگرن، ئەوەش وایکردووە هەندێکیان باری تەندروستییان تێکبچێت و ئەمڕۆش دوو کەسیان بۆ نەخۆشخانە گوێزراونەتەوە.
 
عوسمان گوڵپی رایگەیاند، "زۆر نیگەرانن لە بێدەنگی نوێنەرایەتی و کۆنسووڵخانەی وڵاتان. یەکەمین پرس کە ئەوان باسی دەکەن بریتییە لە مافی مرۆڤ. ئەوەی لێرە دەگوزەرێت پرسێکی مرۆییە، بەڵام ئەوان تاوەکو ئێستا بێدەنگن و بە دەمەوە نەهاتوون. لانیکەم نەهاتوون بزانن دۆخی مانگرتووان چۆنە."