وردەکاریی رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق؛ سوپا لە شارەکان دەکشێتەوە
رووداو - حەسەکە
باڵەخانەی پارێزگای حەسەکە، تەنیا ئاڵای سووریای لەسەر بەرزکراوەتەوە، سیمای کوردیی لە شارەکە و ئاڵای کوردستان تێیدا وەک خۆیان ماونەتەوە. شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، بە مەبەستی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق، سەردانی پارێزگاری نوێی حەسەکەیان کرد و پلانی داهاتوویان ئاشکرا کرد.
مەروان ئەلعەلی، بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوخۆی حکومەتی کاتیی سووریا لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "بە پشتیوانی خودا، هەنگاوی داهاتوو وەرگرتنی فڕۆکەخانەی قامیشلۆ و کێڵگە نەوتییەکانی رمێلان دەبێت. سوپا لە شارەکان دەکشێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ خاڵەکانی خۆی؛ هەردوولا لە ناو شارەکان پاشەکشە دەکەن بۆ ئەوەی هیچ گرژی و ئاڵۆزییەک دروست نەبێت."
شاندەکەی حکومەتی سووریا ئاماژە بەوە دەدەن، کارەکانیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی قامشلۆ دەستپێدەکەن و دواتر سەردانی دەروازە سنوورییەکان و بیرە نەوتەکانی رمێلان دەکەن. لای خۆشییەوە، بەڕێوەبەریی خۆسەر جەخت دەکاتەوە کە هەموو ئەم کارانە بە شێوەی هاوبەش ئەنجام دەدرێن.
خالید ئیبراهیم، ئەندامی دەستەی جێبەجێکاری پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بەڕێوەبەریی خۆسەر دەڵێت: "هەمووان دەزانن دەروازەی سێمالکا بەپێی رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەریی خۆسەرە؛ ئەم دەروازەیە وەک خۆی دەمێنێتەوە و تەنیا چەند فەرمانبەرێکی حکومەتی لێ جێگیر دەکرێت."
خاڵێکی دیکەی گرنگی رێککەوتنەکە، گەڕانەوەی ئەو ئاوارە کوردانەیە کە بە زۆرەملێ لە عەفرین و سەرێ کانی دەرکراون. هەرچەندە چاوەڕوانیی ئاوارەکان درێژەی کێشاوە، بەڵام هەردوولا دووپاتی دەکەنەوە کە جێبەجێکردنی تەواوی خاڵەکانی ئەم رێککەوتنە، پێویستی بە مانگێک تاوەکو دوو مانگ کات هەیە.