پڕۆژەیەک بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی بارزانی ئامادەدەکرێت

رووداو-هەولێر

پارتی دیموکراتی کوردستان ئێستا لێکۆڵینەوە لە پرۆژەیەک دەکات، کە رێگە چارەیەکی یاسایی پیشانبدات بۆ درێژکردنەوەی ویلایەتی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان. دواتریش دەیەوێت لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی باشووری کوردستان دانوستاندنی لەسەر بکات. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت، لەگەڵ یاساناسان قسە دەکەین و دواتر گەیشتینە هەر پرۆژەیەک دەیخەینە بەردەست لایەنەکان.

دوو سیناریۆ لەبەردەم لایەنەکاندایە بۆ مانەوەی بارزانی لە پۆستەکەی، یان پەسەندکردنی پرۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان، بەوەش بارزانی دەتوانێت دوو خولی دیکەش خۆی کاندید بکاتەوە، یان هەموارکردنەوەی یاسای درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە بە یاسای ژمارە ١٩ ی ساڵی ٢٠١٣ ناسراوە، بە پێی ئەو یاسایە  ١٩ی ئاب ویلایەتی بارزانی کۆتایی پێدێت.

عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی مانەوەی بارزانی بۆ ئێستای کوردستان بە پێویست دەزانێت و دەڵێ: "لەو قۆناغەی ئێستادا مانەوەی مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان زەرورە".

سیناریۆیەکی دیکەش لەبەردەم لایەکاندایە بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەویش ئەنجامدانی هەڵبژاردنە، بەڵام بارودۆخی کوردستان دەڵێت ئەوە زەحمەتە، چونکە هەم باشووری کوردستان لە شەڕدایە ، هەم قەیرانی داراییشی هەیە.