وردەکاریی گیانلەدەستدانی مێرمنداڵەکەی سۆران؛ "رۆژی رووداوەکە بە رۆژوو بووە"


رووداو دیجیتاڵ 

مێرمنداڵێک لە گوندێکی سنووری سۆران شەوی رابردوو دوای نانخواردنی ئێوارە چووە ژوورێکی ماڵەکەیان و گیانی لەدەستدا. مامی دەڵێت: "کاتی رووداوەکە کەس لە ژوورەکە نەبووە". قایمقامی سۆرانیش داوا دەکات هەر هاونیشتمانییەک چەکی بێ مۆڵەتی لایە تۆماری بکات.

رۆژی سێشەممە، 07-03-2023، رەشید فەتاح، مامی رەیان لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "رووداوەکە دوای نانخواردنی ئێوارە بووە، کاتێک رەیان ویستوویەتی نوێژ بکات لە ژوورێکی دیکەی ماڵەکەیان. چەکێک لە ژوورەکە بووە و دەستی گەیاندووەتە چەکەکە و کەس ئاگای لێ نەبووە و کەسیش لە ژوورەکە نەبووە. کاتێک چوونەتە ژوورەوە بینراوە گولـلەیەکی بەرکەوتووە".
 
وەک مامی رەیان باسی دەکات، ئەو کچە تەمەن 13 ساڵە و هیچ کێشەیەکی نەبووە و تەنانەت ئەو رۆژە "بەڕۆژوو" بووە و دەشڵێت: "هیچ کەسێک قسەیەکی بە رەیان نەگوتووە و تاقانەی سێ براش بوو".
 
بە گوتەی رەشید فەتاح، کاتی رووداوەکە باوکی رەیان لە ماڵ نەبووە و میوانی ماڵێک بووە، دوو برا و دایکی رەیان لە ماڵ بوون و نانی ئێوارەیان ئامادەکردووە و دوای نانخواردن رووداوەکە روویداوە. 
 
مامی رەیان باسی لەوەشکرد، ئەو کچە زۆربەی کاتەکانی بە خوێندن لە ماڵ بەسەربردووە و لە قوتابخانەش هیچ کێشەیەکی نەبووە.

 

 
"ئەو چەکەی کە بەهۆیەوە رەیان گیانی لەدەستدا، مۆڵەتی نییە"
 
مامی رەیان دەڵێت: "ئەو دەمانچەیەی کە رەیان بەکاریهێناوە موڵکی باوکی بووە و مۆڵەتی نییە". 
 
دوای رووداوەکە رەیان گوێزراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و دوای نیو کاژێر لە گەیاندنی، گیانی لەدەستداوە. سەبارەت بە هۆکاری بوونی دەمانچە لە ماڵەکە، وەک مامی رەیان باسی دەکات ئەوەیە کە باوکی پێشمەرگەیە و "رەنگە پێویستی کردبێت دەمانچە لە ماڵ بێت بۆ خۆپاراستن، پۆلیسی سۆرانیش دەتوانێت لەو بابەتە بکۆڵێتەوە".
 
شەمال دێواری، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 9:45 خولەکی شەوی رابردوو لەلایەن نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سۆران لە هەبوونی تەرمی کەسێک بە ناوی "رەیان تاریق فەتاح" لە نەخۆشخانە ئاگادار کراونەتەوە.
شەمال دێواری گوتی: "کچەکە گولـلەیەک بەر سکی کەوتووە و بە هۆیەوە گیانی لەدەستداوە."
 
وەک گوتەبێژی پۆلیسی سۆران دەڵێت، ئەوان چاوەڕوانی راپۆرتی دادپزیشکین تاوەکو دڵنیاببنەوە لە راستیی رووداوەکە. رەشید فەتاحیش دەڵێت: "گومانمان لە هیچ کەسێک نییە و رووداوەکە کوشتن نەبووە بە دەستی کەسێکی دیکە. دڵنیاین رووداوەکە بە هەڵە بووە. رەیان جلی سەیرانی کڕیبوو و بڕیاربوو لەگەڵ قوتابیانی قوتابخانەکەیان سەیرانەکە بکەن".
 
"لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە"
 
رەجەب زوبێر، قایمقامی سۆران لە بەرنامەی بەرپرسیار ئەو رووداوەی بۆ هەبوونی چەک لە هەرێمی کوردستان گەڕاندەوە و گوتی: "رووداوێکی نەخوازراو بووە و ئێستا پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کردووەتەوە."
 
سەبارەت بە یەکلابوونەوەی ئەوەی "ئایا رەیان خۆی کوشتووە یان کوژراوە یان بە ئەنقەست خۆی کوشتووە؟، رەجەب زوبێر دەڵێت: لە رووداوێکی وەهادا کاتێک کەسێک لەو تەمەنەدا دەچێتە ژوورەوە و گولـلەی لەدەست دەردەچێت، دەبێت لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و هۆکارەکانی پشت ئەو رووداوە ئاشکرابکرێن و گوتی: "ئەگەر خۆکوژی بێت، دەبێت لێکۆڵینەوە بکرێت لەوەی کە ئایا رەیان لەو تەمەنە بچووکە بۆچی خۆی کوشتووە، ئەگەر نەخوازراویش بێت، دەبێت بزانرێت ئەو چەکە بۆچی لەوێ دانراوە، پۆلیس لێکۆڵینەوە دەکات".

 

 
"'دەبێت هاونیشتمانییان چەکەکانیان تۆماربکەن"
 
قایمقامی سۆران داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، هەر کەسێک چەکی لایە و تۆمارنەکراوە، تاوەکو مانگی تەممووز لە بنکەی تۆمارکردن تۆماری بکەن و گوتی: "دواتر حکومەت بڕیار دەدات کام چەک مۆڵەتی پێبدرێت. ئەو چەکانەش کە مۆڵەتیان پێ نادرێت دەکرێت لێیان بکڕدرێتەوە بۆ ئەوەی زیان نەکەن. دوای مانگی حەوتیش هەر چەکێک تۆمار نەکرابێت بە قاچاخ دادەنرێت. بەداخەوە هاونیشتمانییان بۆ تۆمارکردنی چەک هاوکار نین و تاوەکو ئێستا 16 کەس خۆیان تۆمارکردووە کە چەکیان هەیە و ژمارەیەکی کەمە".
 
قایمقامی سۆران گوتی، "بوونی چەک لە ماڵ رووداوی هاوشێوەی ئەوەی رەیانی لێدەکەوێتەوە. مۆڵەت دەرهێنانی چەکیش بەو شێوەیە نییە کە بدرێتە هەرکەسێک. دەبێت سەیر بکرێت و بزانرێت ئایا ئەو کەسە پێویستی پێیەتی یان مەترسی لەسەر ژیانی هەیە یان نا. ئەگەر چەکێکیش مۆڵەتی هەبێت، نابێت لە شوێنێکی وەها دابنرێت کە منداڵ دەستی پێ بگات و رووداوێکی هاوشێوەی لێبکەوێتەوە".
 
رەشید فەتاح، مامی رەیان، باسی دۆخی کەسوکاری رەیان دەکات و دەڵێت: "کارەساتێکی گەورەیە و دۆخی دایک، باوک و براکانی زۆر خراپە و گومانیشمان بۆ هیچ کەس ناچێت".