باوکی ئەو کچە کوردەی لە لازقیە کوژرا لە رووداوەوە باس لە رووداوەکە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
باوکی ئەو کچە کوردەی ئەم بەیانییە لە شاری لازقیەی سووریا کوژرا دەڵێت، سبەی تەرمەکە دەگەڕێننەوە قامشلۆ و لە رۆژئاوای کوردستان بە خاکی دەسپێرن.
عادل کشۆ، باوکی شیندا، ئەو کچە کوردەی ئەم بەیانییە لە شاری لازقیەی سووریا کوژرا، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی کرد، رایگەیاند، شەوی رابردوو بۆ چەندین کاژێر شەڕ لە لازقیە لەنێوان هێزەکانی ئێستای دەسەڵاتی سووریا و پاشماوەی هێزەکانی دەسەڵاتی ئەسەد بەردەوام بوو.
عادل کشۆ گوتی، شیندا لەگەڵ خوشکێکی لە شوقەیەک دەمانەوە. شیندا قۆناخی یەکەمی کۆلێژی پزیشکی و خوشکەکەیشی قۆناخی سێیە.
باوکی کچە کوردەکە گوتی، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕەکە لەگەڵ هەردوو کچەکەی قسەی کردووە و پێی گوتوون، دەبێت هۆشیارانە مامەڵە بکەن، چونکە ئەوەی روودەدات شەڕە و هەربۆیە دەبێت خۆیان بپارێزن.
عادل کشۆ گوتی، شەڕە سەختەکە کاژێر 1ی بەرەبەیان تەواو بووە، بەڵام نزیک کاژێر 4ی بەرەبەیان گوللەیەکی وێڵ بەر شیندا کەوتووە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
عادل کشۆ گوتی، شیندا تەنیا 20 رۆژ بوو گەڕابووەوە لازقیە، چونکە دوای ئەوەی وەرزی یەکەمی خوێندنی تەواو کرد، گەڕایەوە قامشلۆ و چەند رۆژێک مایەوە.
چەند کەسێک چوونەتە لازقیە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی تەرمی شیندا. باوکی گوتی، سبەی تەرمەکە دەگەڕێننەوە و لە قامشلۆ بە خاکی دەسپێرن.