پازدەهەمین خەڵاتی زێڕینی بلە دابەشدەکرێت

رووداو- هەولێر

رۆژی چوارشەممە کاژێر چواری ئێوارە، لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی، رێکخراوی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن، لە پازدەهەمین ساڵڕۆژی کۆچکردنی ئیبراهیم ئەحمەد، خەڵاتی زێڕینی بلە دەبەخشێتە کۆمەڵێک کەسی نموونەیی، دابەشکردنی خەڵاتەکانیش ئەو کەسانە دەگرێتەوە، کە لە کار و پیشەکانیاندا وەک کەسی نموونەیی ساڵ لە بوارە جیاوازەکانی فەرهەنگی و کولتووری و کۆمەڵایەتی دەردەکەون.

ئاکۆغەریب، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری خەڵاتی بلە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" لە پازدەهەمین مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتی زێڕینی بلە لە شاری سلێمانی، شەش کەس خەڵاتەکە وەردەگرن."

ئەو ئەندامی لیژنەی ئامادەکارە، بۆ رووداو ئاماژەی بەوە کرد: "ساڵانی پێشوو پێنج خەڵات دابەشدەکران بەسەر پێشمەرگە و دایک و خوێندکار و هونەرمەند و کاسبکاری نموونەیی، بەڵام بۆ ئەمساڵ شەش خەڵاتن و هەریەک لە دایکی نموونەیی و هونەرمەندی نموونەیی خانەوادەیەکی پێشمەرگەی شەهید، لەگەڵ سێ ناونیشانی دیکە خەڵاتەکانی ئەمساڵی بلەیان پێدەدرێت".

٨/٤/ ی هەموو ساڵێک کە رۆژی کۆچکردنی کەسایەتی سیاسی و ئەدیب و رۆشنبیری دیاری باشووری کوردستان ئیبراهیم ئەحمەدە، کە بە بلە ناسراو بوو، بلە جگە لەوەی سیاسەتڤانێکی دیار و بەناوبانگ بوو، لە بواری ئەدەبی ناوێکی دیار و پڕبەرهەم بوو، بەتایبەتی رۆمانی ژانی گەل کە یەکێکە لە بەرهەمە دیارەکانی ئەدەبی کوردی و کراوەتە فیلمی سینەماییش، هەروەها چەندین چیرۆک و شیعری خستووەتە نێو ئەدەبی کوردی.
 
ساڵانە لە رێگەی مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتی زێڕینی بلەدا ساڵڕۆژی کۆچکردنی دەکرێتەوە.