رووداو - هەولێر
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بە رێنماى دارایى ژماره 17 ی ساڵى 2016 کردووە کە تایبەتە بە (مۆڵەتى بێ مووچە) بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هاتووە کە" ئێستا دەکرێت مۆڵەتی بێ مووچە بە فەرمانبەران بدرێت".
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بڕیارێک سەبارەت بە مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران بۆگشت وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کراوە و هاتووە" پاڵپشت بە نووسراوی بەڕێز سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی سکرتاریەتی ئەنجوومەن و بە ژمارە 130 لە 17-3-2016 و ئاماژە بەهەموو رێنماییمان ژمارە 4 و 14 ی ساڵی 2015 کراوە و بڕیاردرا کە ئەو فەرمانبەرانەی لەکاتی دامەزراندنیان بەڵێنامەیان داوە داوای مۆڵەتی بێ مووچە نەکەن، تا تەواوبوونی ماوەی بەڵێنامەکانیان".
هەروەها لە رێنماییەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، ئاگاداری سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کراوە و داوایان لێدەکات کە رێنماییەکە جێبەجێی بکەن و رایدەگەیێنێت " ئێستا دەکرێت ئەو فەرمانبەرانەی لەکاتی دامەزراندنیان بەڵێنامەیان داوە مۆڵەتی بێ مووچەیان پێ بدرێت، بە رەچاوکردنی ماوەی ئەزموونی فەرمانبەرانی هاتوو لە یاسای راژەی شارستانی ژمارە 24ی ساڵی 1960ی هەموارکراو."

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ