وەزارەتی دارایی: مۆڵەتی بێ مووچە بە فەرمانبەران دەدرێت

رووداو - هەولێر

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بە رێنماى دارایى ژماره‌ 17 ی ساڵى 2016 کردووە کە تایبەتە بە (مۆڵەتى بێ مووچە) بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هاتووە کە"  ئێستا دەکرێت مۆڵەتی بێ مووچە بە فەرمانبەران بدرێت".

لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بڕیارێک سەبارەت بە مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران بۆگشت وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کراوە و هاتووە" پاڵپشت بە نووسراوی بەڕێز سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی سکرتاریەتی ئەنجوومەن و بە ژمارە 130 لە 17-3-2016 و ئاماژە بەهەموو رێنماییمان ژمارە 4 و 14 ی ساڵی 2015 کراوە و بڕیاردرا کە  ئەو فەرمانبەرانەی لەکاتی دامەزراندنیان بەڵێنامەیان داوە داوای مۆڵەتی بێ مووچە نەکەن، تا تەواوبوونی ماوەی بەڵێنامەکانیان".

هەروەها لە رێنماییەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، ئاگاداری سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کراوە و داوایان لێدەکات کە رێنماییەکە جێبەجێی بکەن و رایدەگەیێنێت " ئێستا دەکرێت ئەو فەرمانبەرانەی لەکاتی دامەزراندنیان بەڵێنامەیان داوە مۆڵەتی بێ مووچەیان پێ بدرێت، بە رەچاوکردنی ماوەی ئەزموونی فەرمانبەرانی هاتوو لە یاسای راژەی شارستانی ژمارە 24ی ساڵی 1960ی هەموارکراو."