مەسرور بارزانی: ئەوەی دەستی بە خوێنی گەلەکەمان سوور بێ بە سزای خۆی دەگات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چەندین جارە بەبێ هۆ و بەبێ پاساو هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، "بەڵام بەدڵنیاییەوە، ئەوەی دەستی بە خوێنی گەلەکەمان سوور بێ، دوور یان نزیک بە سزای خۆی دەگات".
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکان گوتی، "بەداخەوە حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە بۆ راگرتنی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان".
 
مەسرور بارزانی بەشداریی لە پرسەی مووسا و موژدە کرد کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هێرشێکی درۆنیدا شەهید بوون. لەوێ کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی کرد و جارێکی دیکە سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی، هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەم شەڕە.

 

 
لەبارەی هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش، مەسرور بارزانی گوتی، پشتیوانیی خۆیان بۆ خەڵکی بێتاوانی کوردستان دووپات کردووەتەوە، "ئومێدەوارین بتوانین سنوورێک بۆ ئەو پەلاماردانانەی سەر هەرێمی کوردستان دابنێن، بەڵام بەرپرسیارێتیی گەورە لەسەر حکومەتی عێراقە".
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی قەرەبووکردنەوەی شەهیدان، مەسرور بارزانی گوتی، "بە هیچ جۆرێک قەرەبووی خوێنی شەهید ناکرێتەوە، مەگەر بە ئازادیی کوردستان، ئەوەی زیانی مادی بەرکەوتووە، ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان، چیمان لەدەست بێت دەیکەین بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانە مادییەکانیان".