وادەی وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان درێژکرایەوە
رووداو - هەولێر
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدانی درێژکردەوە.
عەلی قادر، بەرپرسی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، وادەی وەرگرتنەوەی کارتی ئەلیکترۆنی دەنگدان بۆ 10ی ئایاری 2018درێژکراوەتەوە.
بەرپرسی لقی هەولێری کۆمیسیۆن باسی لەوەشکرد، کۆمیسیۆن دەیەوێت زۆرترین خەڵک کارتەکانیان وەربگرنەوە.
پێشتر بڕیاربوو رۆژی 8-5-2018 کۆتا وادەبێت بۆ وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان، بەوپێیەی رۆژی شەممە 12-5-2018 رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە.
بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی لە 75%ی دەنگدەران کارتەکانیان وەرگرتوونەتەوە، ئەو کارتانەی دیکەش کە ماونەتەوە بەگوێرەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆن دەبێت بگەڕێندرێنەوە بەغدا.
داڕشتنەوە: حەکیم داود