چیرۆکی ئەو منداڵەی وان کە خۆی لێ بووە سپایدەرمان و لە باڵکۆنێکەوە خۆی هەڵدایە خوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
منداڵێک لە وان ـی باکووری کوردستان لەژێڕ کاریگەری فیلمە ئەنیمەیشنەکاندا بووە و رۆژێک خۆی لێ بووە بە سپایدەرمان و لە باڵکۆنی ماڵەکەیانەوە خۆی هەڵداوەتە خوارەوە. رووداوەکە منداڵەکەی تووشی ئیفلیجی کردووە.
خالید دورانڵی کاتێک چوار ساڵان بوو، تووشی ئەو رووداوە بوو بەڵام دوای 10 ساڵ لە وەرگرتنی چارەسەری سرووشتی، توانی جارێکی دیکە لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێتەوە.
ئەو منداڵە بەهۆی کاریگەربوونی بە فیلمە ئەنیمەیشنەکان و لاساییکردنەوەی سپایدەرمان، لە باڵکۆنی ماڵەکەیانەوە خۆی هەڵدایە خوارەوە. ئەنجامی ئەم هەڵە کوشندەیە، زیانێکی زۆری بە مێشکی گەیاند و تووشی ئیفلیجی کرد.
خەیریە دورانڵی، دایکی خالید، بەمشێوەیە باسی ئەو 10 ساڵە دەکات کە منداڵەکەی بە سەختی بەڕێی کرد: "کوڕەکەم چوار ساڵ بوو کاتێک لە باڵکۆنەوە کەوتە خوارەوە؛ سێ مانگ لە بەشی چاودێریی چڕ بوو. دواتریش بە باوەش هاتووچۆم پێ دەکرد. سۆندە لە دەمی و جگەری دانرابوو. دواتر بە چارەسەری سرووشتی توانرا بخرێتەوە سەر پێیەکانی."
ماوەی 10 ساڵە خالید لەژێر چارەسەری سرووشتیدایە کە سێ ساڵی یەکەمی نەیتوانیوە هیچ هەنگاوێک بنێت.
سەزگین ئۆنات، پسپۆڕی چارەسەری سرووشتی خالید باس لە پرۆسەی چارەسەرکردنەکەی دەکات و دەڵێت: "لەبەر ئەوەی زەبری سەر مێشکی زۆر کاریگەر بوو، سەرەتا سەختیی زۆرمان بینی. پرۆسەیەکی چڕی چارەسەری سرووشتیمان لەگەڵ خێزانەکەی دەستپێکرد. وردە وردە و بە کۆششی زۆر، توانیمان خالید بخەینەوە سەر پێ."
سەڕەڕای ئەو ئەزموونە تاڵە، خالید هێشتا وازی لە سەیرکردنی فیلمی ئەنیمەیشن نەهێناوە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، ئێستا تێگەیشتووە کە ئەوانە تەنیا خەیاڵن و راستی نین: "هێشتا سەیری فیلم ئەنیمەیشن دەکەم، بەڵام ناکەومە ژێر کاریگەرییەکەی."
دوای ساڵانێکی دوورودرێژ لە ئازار و چارەسەر، خالید جارێکی دیکە توانی لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێتەوە و بڕوات. ئێستا هەندێک جار لەگەڵ دایکی و هەندێک جاریش بە تەنیا دەچێتە قوتابخانە، وەک هێمایەک بۆ زاڵبوون بەسەر کۆسپە گەورەکانی ژیانیدا.