پیتەر گالبرێس بۆ رووداو: دادگاییکردنی عەجاج پەیامێکی بەهێزە بۆ هەموو تاوانبارانی ئەنفال
رووداو دیجیتاڵ
پیتەر گالبرێس، ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییەی کە ساڵی 1988 یاسای (بەرگرتن لە جینۆساید)ـی نووسی و یەکەم کەس بوو لە جیهاندا کۆمەڵکوژیی کوردانی وەک جینۆساید ناساند، رایدەگەیێنێت کە دادگاییکردنی (عەجاج)، یەکێک لە تۆمەتبارانی کەیسی ئەنفال، پەیامێکی بەهێزە بۆ هەموو تاوانبارانی جەنگ.
پیتەر گالبرێس لە کاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە سەر گرنگیی دادپەروەری دوای تێپەڕبوونی نزیکەی 40 ساڵ بەسەر تاوانەکانی ئەنفالدا و گوتی: "ئەمە زۆر گرنگە؛ پەیامەکە ئەوەیە کە ئەگەر تاوانێکی وا بکەیت، ناتوانیت لێی دەرباز بێت و لەبیر ناکرێیت. دەتوانیت 22 ساڵ خۆت بشاریتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت باجی کارەکانت بدەیت و رووبەڕووی لێپرسینەوە بیتەوە."
گالبرێس دەڵێت، یەکێک لە گرنگترین لایەنەکانی ئەم دادگاییکردنە ئەوەیە کە دەرفەت بۆ قوربانییەکان دەڕەخسێنێت بێنە بەردەم دادگە و چیرۆکی خۆیان بگێڕنەوە. هەرچەندە بە خەمبارییەوە ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێکی زۆری ئەوانەی لە زیندانی نوگرە سەلمان بوون و رزگاریان بوو، ئێستا کۆچی دواییان کردووە، بەڵام هێشتا دەرفەتێکە بۆ ئەوەی جیهان گوێبیستی ئەو تاوانە بێت.
گەواهیدەرێکی زیندووی وێرانکارییەکانی 1987 و 1988
گالبرێس باسی ئەزموونی کەسیی خۆی دەکات کاتێک لە ساڵی 1987 بۆ یەکەمجار سەردانی کوردستانی کردووە و بینیویەتی چۆن رژێمی سەدام حوسێن بە شێوەیەکی سیستماتیک گوندەکانی کوردستانی وێران کردووە. لە ساڵی 1988ـیشدا، لەگەڵ "کریس ڤان هۆڵن" (کە ئێستا سیناتۆری ئەمریکایە)، چووەتە سەر سنووری نێوان عێراق و تورکیا بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ رزگاربووانی کیمیابارانی هەڵەبجە.
ئەو جەخت دەکاتەوە کە نابێت تەنیا باس لە هەڵەبجە بکرێت، بەڵکو دەبێت هەموو ئەو ناوچانەی دیکەش لەبیر نەکرێن کە لە ئابی 1988ـدا، تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران و عێراقیش، لە دهۆک و شوێنەکانی دیکە کیمیاباران کران.
پیتەر گالبرێس بەراوردی بەعسییەکان و نازییەکان دەکات و دەڵێت: "بەعسییەکان وەک نازییەکان بوون، بیرۆکرات بوون و هەموو شتێکیان تۆمار دەکرد." ئەو ئاشکرای کرد کە کاتی خۆی 17 تەن بەڵگەنامەی رژێمی بەعسی لە عێراق بردووەتە دەرەوە بۆ ئەمریکا، کە تێیدا ناوی ئەو کەسانەی تێدابوو کە لە سێدارە دراون یان رەوانەی باشووری عێراق و زیندانی (نوگرە سەلمان) کراون. تەنانەت رژێم ڤیدیۆی ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدانیشیانی تۆمار کردبوو کە وەک بەڵگەی تاوان دژی مرۆڤایەتی ماونەتەوە.
رەخنە لە دادگاییکردنی سەدام حوسێن
یەکێک لە خاڵە جێگەی سەرنجەکانی قسەکانی گالبرێس، دەربڕینی پەژارە بوو بۆ شێوازی دادگاییکردنی سەدام حوسێن. ئەو پێیوایە شیعەکان تەنیا سەدامیان بۆ کەیسی (دوجەیل) لەسێدارە دا، بەڵام گالبرێس پێی وابوو دەبوو دادگاییکردنەکە بەردەوام بووایە تاوەکو هەموو رەهەندەکانی جینۆسایدی کورد لە دادگەدا بە تەواوی ساخ بووایەتەوە.
گالبرێس دەڵێت، ئەمریکا و سیناتی ئەمریکا یەکەم پەرلەمان بوون لە جیهاندا لە ساڵی 1988 (46 ساڵ لەمەوبەر بەپێی یاساکە) دانیان بە جینۆسایدی کورددا نا، لە کاتێکدا وڵاتانی دیکە زۆر دواتر ئەو هەنگاوەیان نا.
لە کۆتایی قسەکانیدا، گالبرێس ئەنجامگیرییەکی سیاسیی گرنگی کرد و گوتی: "ئەم تاوانانە بەڵگەی بەهێزن بۆ پێویستیی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کوردستان." ئەو روونیکردەوە کە ئەگەر کوردستان سەربەخۆ بووایە، دەیتوانی بەرگری لە خۆی بکات و رێگەی لە کیمیاباران بگرتایە و دەیتوانی لە دادگە نێودەوڵەتییەکاندا سکاڵا لەسەر عێراق تۆمار بکات. ئەو گوتیشی: "بۆچی دەبێت کەسێک بیەوێت بەشێک بێت لە وڵاتێک کە جینۆسایدی دژ کردووە؟ فەلسەفەی دەوڵەت پاراستنی هاووڵاتیانە، نەک کوشتنیان."