بە دروشمی 'کینە ئەم؟ کوردن ئەم' هاونیشتمانییانی حەسەکە لەسەر زمانی کوردی هاتنە دەنگ
رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای دەرچوونی مەرسوومی ژمارە 13 لەلایەن سەرۆکی کاتیی سووریاوە بۆ پاراستنی مافەکان، لە شاری حەسەکە تابلۆکانی زمانی کوردی لەسەر باڵەخانەی دادگە لادەبرێن و لە شوێنیان تابلۆی عەرەبی هەڵدەواسرێن. ئەم کارە ناڕەزایەتیی تووندی لێ کەوتەوە و خۆپێشاندەران تابلۆ عەرەبییەکانیان هێنایە خوارەوە.
دوای ئەوەی حکومەت چووە باڵەخانەی دادگەی شارەکە، دەستبەجێ تابلۆ کوردییەکانیان لابرد و تابلۆی عەرەبییان لە جێگەیان دانا. ئەم هەنگاوە تووڕەیی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانی لێ کەوتەوە و پرسیاری ئەوەیان وروژاند کە "ئێمە کێین؟ ئێمە کوردین".
خۆپێشاندەرێک لەبارەی دۆخەکەوە و ئەو بێڕێزییەی بەرامبەر بە زمانەکەیان کراوە، دەڵێت: "ئێمە ئەم دۆخە قبوڵ ناکەین، ئێمە بە هەزاران شەهیدمان داوە و هێشتا دیلەکانمان لە دەستی ئەواندان."
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو بڕیارە، لە شاری حەسەکە خۆپێشاندان ئەنجام درا و خەڵکی ناوچەکە ئەو تابلۆیەیان هێنایە خوارەوە کە تەنیا بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی نووسرابوو.
محەمەد حاجۆ، کە یەکێکە لە خۆپێشاندەرەکان، جەخت لە گرنگیی زمانەکەیان دەکاتەوە و دەڵێت: "ئێمە وەک گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لە کاتێکدا ڕۆژی ١٥ی ئایار (ڕۆژی زمانی کوردی) نزیک دەبێتەوە، دەڵێین زمانی ئێمە کەرامەتی ئێمەیە. هەر کەسێک دەستدرێژی بکاتە سەر زمانی کوردی، دەستدرێژیی کردووەتە سەر بوونی گەلی کورد. 15 ساڵە ئێمە شەهید دەدەین بۆ ئەوەی زمانی کوردی لە پێش چاوی خۆمان ببینین؛ نەک کەسانێک کە نایانناسین و نازانین مێژوویان چییە، بێن و زمانی کوردی لاببەن. ئەم پیتانە بە خوێنی شەهیدان نووسراون."
بۆ پاراستنی زمانی کوردی و بەردەوامیی خوێندن بە زمانی دایک لە رۆژئاوای کوردستان، خۆپێشاندانەکان بەردەوامن و خەڵک سوورن لەسەر داواکردنی مافەکانیان.