پەیکەری دڵ 60 هەزار بینەری تێپەڕاند
رووداو - هەولێر
فیلمی سینەمایی پەیکەری دڵ لە ماوەی 34 رۆژ نمایشی لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان 60 هەزار بینەری تێپەڕاند.
پەیکەری دڵ فیلمێکی گۆرانیئامێزی رۆمانسیی و کۆمیدییە، باس لە کێشەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە چاوی منداڵێکی هەژار دەکات کە دەیەوێت ببێت بە هونەرمەند.
فیلمەکە لەلایەن شوان عەتووف دەرهێنانی بۆ کراوە، بەرهەمی كۆمپانیای میترۆنۆم و کام پرۆدەکشنە، ماوەی فیلمەکە 108 خولەکە، بەشێکی زۆری ئەو گۆرانیانەی لە فیلمەکە گوتراون لە ئاوازی هونەرمەند زیاد ئەسعەد و تێکستەکانیشیان خودی هەڵوێستە.
پەیكەری دڵ فیلمێكی گۆرانیئامێزی رۆمانسیی و کۆمیدییە، هەریەک لە هونەرمەندان هەڵوێست محەممەد، نزار سەلامی، نارین ئالان و رێشان حەمۆ رۆڵی سەرەکی تیدا دەگێڕن. سەرجەم ستافی فیلمی پەیکەری دڵ کوردن، لە سلێمانی کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە.