مەسرور بارزانی: شاندی حکومەت لە بەغدان بۆ ئەوەی لەنزیکترین کاتدا کێشەی مووچەبڕینی خەڵک چارەسەر بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی رایگەیاند، "لە بەغدا بەشێوەیەکی ناڕەوا و نادادپەروەرانە و بە جیاکاری و بە شێوەیەکی نادەستووری مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت".
مەسرور بارزانی دەڵێت، "عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و هەرێمی کوردستانیش، قەوارەیەکی دەستووریی هەیە و دەبێ رێز لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت". خەختی لەوەش کردەوە، "هەرێمی کوردستان هەرگیز دەستبەرداری هیچ مافێکی دەستووری خۆی نابێت".
ئەو قسانەی مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەیەکدا بوو لەگەڵ ژمارەیەک لە کادیری ئۆرگانەکانی پارتی. کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ دووشەممە، 07-07-2025، کرا.
جێگری سەرۆکی پارتی باسی لەوە کرد، "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا لە بەغدان بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا کێشەی مووچەبڕینی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێت".
مەسرور بارزانی رایگەیاند، "کێشەی ئێمە لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی، کێشەیەکی سیاسییە نەک تەکنیکی".
مەسرور بارزانی بە کادیرانی پارتیی گوت، "هەرێمی کوردستان، نابێت بە هەڕەشە و مەترسی بۆ هیچ لایەک و هەمیشە فاکتەرێکی سەرەکی سەقامگیریی و ئارامی دەبێت لە ناوچەکەدا. هەروەها ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی جەنابی سەرۆک بارزانی دا لە نزیکردنەوەی لایەنە کوردستانییەکان لەیەکتر بە تایبەتی لە رۆژئاڤای کوردستان و هەروەها لە کارکردن بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا".
مەسرور بارزانی گوتی، "پارتی بە رێبەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی، داکۆکیکار و پارێزەری یەکەم و سەرەکی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان و گەرەنتی پاراستنی هەرێمە، بۆیە بەهێزبوونی پارتی، بەهێزبوونی کوردستانە و پارتی بە پشتیوانیی خوای گەورە و خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، هەمیشە بەرەو سەرکەوتنی زیاتر هەنگاو دەنێت".