خۆپێشاندان و ئاڵۆزی لەنێوان کورد و تورکە ئازەرییەکانی نەغەدە؛ کوژراو و بریندار هەن
رووداو دیجیتاڵ
کوژرانی هاونیشتمانیێکی کورد و برینداربوونی دوو کەسی دیکە لە شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستی دوو کەسی تورکی ئازەری ئاڵۆزی لەنێوان کورد و تورکدا لەو شارە دروستکردووە و بووە هۆی خۆپێشاندانی کوردەکان کە لە ئەنجامدا هاونیشتمانییەکی دیکەیش کوژرا.
شایەتحاڵێک کە رووداوەکەی بینیوە لە رێگەی تەلەفۆنەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ گرژی لەنێوان چەند گەنجێکی کورد و ژمارەیێک گەنجی تورکی ئازەری دروستبووە؛ گەنجێکی کورد لە لایەن تورکە ئازەرییەکانەوە بە چەقۆ کوژرا و دوو گەنجی دیکەش برینداربوون کە براونەتە نەخۆشخانە و رەوشی تەندروستییان "خراپە."
ئەو کەسەی لە شەڕەکەدا کوژراوە ناوی فەردین ئیبراهیمی بووە، خەڵکی شنۆ بووە و چەند ساڵێک پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان بووە، هەر لە شوێنی شەڕەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. کەسێکی دیکەش بە ناوی کەمال محەممەد، خەڵکی گوندیان قەڵاتان لەنێوان شنۆ و نەغەدە بریندار بووە، برینداری سێیەمیش ناسنامەی ئاشکرا نەکراوە.
کوژران و برینداربوونی ئەو کوردانە بووە هۆی خۆپێشاندان لە لایەن کوردەکانەوە، دواتر پۆلیس بکوژەکەی دەستبەسەرکردووە.
بنکەی پۆلیسی نەغەدە کەوتووەتە گەڕەکێکی کوردییەوە، بۆیە خەڵک لە بەردەرکی بنکەکە ناڕەزایەتییان دەربڕی و دژی عەلی زەنجانی، نوێنەری شارەکانی نەغەدە و شنۆ کە تورکە درووشمیان بەرزکردەوە.
دواتر هێزی تایبەتی پۆلیس لە بنکەیەکی دیکەوە بۆ سەرکوتی خەڵک چوونە ئەو ناوچەیە، گازی فرمێسکڕێژ و تاپڕیان دژی خۆپێشاندەرە کوردەکان بەکارهێناوە، کە خۆپێشاندەرێک برینداربوو و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش ئەویش گیانی لەدەستداوە. ئەو خۆپێشاندەرەی کە دەگوترێت کوژراوە، نازناوی عەلیزادەیە، بەڵام رووداو تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی ئەو خۆپێشاندەرەی پشتڕاستنەکردووەتەوە.
لە چوارچێوەی گرژییەکانیشدا، تورکە ئازەرییەکانیش هێرشیان کردووەتە سەر خۆپێشاندەران و بەشێکی گەڕەکە کوردییەکان و ئەو بازاڕانەی خاوەنەکانیان کوردن. بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، تورکەکان هەر دووکان یان شوێنێکی کوردەکانیان دەستبکەوێت، هێرشی دەکەنە سەر و تێکی دەدەن.
لە یەکێک لەو ڤیدیۆیانەدا کە دەست رووداو کەوتووە، ژمارەیەکی زۆری تورکی ئازەری بە دار و کەرەستەی دیکەوە هێرش بۆ سەر دووکان و ماڵە کوردەکان دەکەن، هاونیشتمانییەکی کورد لە کۆڵانەکەدا هاوار لە کوردەکانی دیکە دەکات کە دەرگەکانیان پێوەبدەن بۆ ئەوەی هیچیان بەسەر نەیێت.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو پۆلیس، هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی نەغەدە "هیچ رێگرییەکیان" لە تورکە ئازەرییەکان نەکردووە و بەگوتەی کەسێک کە خۆی لەو نێو رووداوەکاندا بوو، "پشتیوانی لە تورکەکانیش دەکەن."
دانیشتووانی شاری نەغەد لە دوو نەتەوەی کورد و تورکی ئازەری پێکدێت، لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە هەستیارییەکانیان بۆ سەر یەکدی زۆر زیاتر بووە و پێشتریش شەڕ لەنێوانیاندا روویداوە.