ژنێک و شەش نەوەی لە باکووری کوردستان چوار ساڵە لەنێو بارهەڵگرێکدا دەژین
رووداو دیجیتاڵ
ژنێکی تەمەن 59 ساڵی دانیشتووی پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان بەناوی خانم دەمیر لە ساڵی 2015 خانووەکەی لە شەڕی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیادا رووخا؛ هەربۆیە بە ناچاری چووە لای کوڕەکەی، بەڵام کوڕەکەیشی خرایە زیندان و کچەکەشی لە هاوژینەکەی جیابووەوە و ئێستا لەگەڵ کچەکەی و شەش نەوەی ماوەتەوە و ناچارە بەخێویان بکات.
ئەو ژنە و شەش نەوەکەی ناتوانن کرێ بدەن، هەربۆیە ماوەی چوار ساڵە لەنێو بارهەڵگریکی بەجێهێڵدراوی ژەنگاوی لە گەڕەکی سەیرانتەپە دەژین.
خانم دەمیر و نەوەکانی هیچ خزمەتگوزارییەکی وەکو ئاو و کارەبایان نییە و دەڵێن، زستانیان زۆر سەخت و هاوینیان تاقەتپڕووکێنە. خانم دەمیر دەڵێت، لە هەردوو وەرزی سەرما و گەرمادا و بەهۆی نەبوونی پێداویستییەوە نەوەکانی نەخۆش دەکەون و ئاماژە بەوەش دەکات، تەمەنی هەڵکشاوە و توانای بەخێوکردنی نەوەکانی نییە.
دوای شکستهێنانی پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە ساڵی 2015ـدا، شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لە نێوان سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە لایەک و گەریلاکانی پەکەکە لە لایەکی دیکە دەستی پێکرد و تاوەکو نیسانی 2016 بەردەوام بوو. یەکێک لەو پارێزگایانەی شەڕەکەی تێدا کرا ئامەد بوو.