فۆرمی دابەشکردنی 9 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان و کەمدەرامەتان بڵاودەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە رۆژی سێشەممە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان فۆرمی دابەشکردنی زیاتر لە نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان  و کەمدەرامەت بڵاوبکاتەوە، گوتەبێژی ئەو وەزارەتەش دەڵێت: "سبەی مەرجەکانی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە ئاشکرا دەکرێن."
 
رۆژی دووشەممە، 7-8-2023، مەریوان حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە سبەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، فۆرمی دابەشکردنی زیاتر لە 9 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان کە تایبەت دەبێت بە کەسانی کەمدەرامەت و کرێنشینانەوە رابگەیەنێت."
 
مەریوان حەسەن گوتی: "ئەو یەکانە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان دروست دەکرێن، ژمارەیەک مەرج و رێنمایی هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت سوودمەندبن و سبەی رادەگەێیندرێت، فۆرمەکە بەشێوەی ئۆنڵاین دەبێت و لە پەیجی وەزارەت لە سۆشیاڵ میدیا و شوێنی دیکەش کە تایبەت دەبێت بە فۆرمەکە بڵاودەکرێتەوە و خەڵک دەتوانن پڕی بکەنەوە."
 
بڕیارە رۆژی سێشەممە، 8-8-2023، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزارەت و لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا زانیاریی تەواو و پێویست لەبارەی ئەو فۆرمەوە لە رێگەی میدیاکانەوە رابگەیەنێت.
 
رۆژی 28-2-2023، بەرهەم قەرەداخی، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ژمارەی کرێنشینان رۆژ بە رۆژ زیاد دەکات، بەگوێرەی نووسراوێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 250 هەزار خێزانی کرێنشین لە هەرێمی کوردستان هەن، کە نزیکەی 25٪ـی دانیشتووان دەکات."