نووسینگەی مەسرور بارزانی بۆ وەزیری تەندروستی: هەرچی پێویست بێت بۆ نوور بیکەن


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایسپاردوون بۆ ئەوەی ئاگاداری تەندروستی نوور عەباس بن کە بەهۆی پێداکردنی تێزابەوە جەستەی سووتاوە.   
 
دوای ئەوەی بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، بۆ جاری دووەم دۆسیەی نوور عەباسی تەمەن دوو ساڵانی وروژاند، شەوی دووشەممە 7-8-2023، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لە مانگی رابردوو منداڵێکی تەمەن دوو ساڵان بە ماددەیەکی سووتێنەر جەستەی سووتێنرابوو، ئێمە وەک وەزارەتی تەندروستی بەزوویی هاتینە سەر هێڵ و دامودەزگە تەندروستییەکانمان راسپارد کە هەر شتێک پێویستە بۆ سەلامەتی و پاراستنی لە رووی تەندروستییەوە بۆی بکرێت." 
 
وەزیری تەندروستی راشیگەیاندووە، "نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران پەیوەندییان لەگەڵ ئێمە هەبووە بۆ ئەوەی ئاگاداری تەندروستی ئەو منداڵە بین و چی پێویست بێت بۆی بکەین."  
 
رۆژی 25ـی مانگی رابردوو، لە ناحیەی رزگاریی سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر، منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ بە ناوی نوور عەباس لەبەردەم ماڵەکەیدا تێزابی پێدا کرا. دایکی نوور لە بەرنامەی بەرپرسیار لە تۆڕی میدیایی رووداو، ماڵی مامی منداڵەکەی تۆمەتبار کرد، بەڵام باوکی منداڵەکە تۆمەتەکە رەتدەکاتەوە، بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاریش گوتی: مامۆژنی بەپێی ماددەی 405 تۆمەتبارە و بە فەرمانی دادوەر دەستگیر کراوە.
 
دایکی نوور گومانی لە رووداوەکە هەبوو و گوتی: "بە شێوازی سووتانەکەی دیارە، دەستێکی لە پشتە. لەشی هەمووی سووتاوە و تەنیا قاچێکی نەسووتێنراوە."
 
باوکی نوور لە بەرنامەکە رەتیکردەوە گومانی لە کەس هەبێت لەسەر رووداوەکە. عەباس عەبدوڵڵا گوتی: هیچ بەڵگەیەک بەردەست نییە و ناتوانین کەس تۆمەتبار بکەین.