گیراوێکی سیاسیی کورد لە سێدارە رزگاری بوو و بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
 
عوسمان مستەفاپوور، یەکێک لە کۆنترین گیراوانی سیاسیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای ئازادبوونی لە زیندان، بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆنا لە گیانی لەدەستدا.
 
عوسمان مستەفاپوور، نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر تووشی کۆرۆنا ببوو و لە سەنتەری مادی کۆیە، تایبەت بە نەخۆشانی کۆرۆنا، خەوێنرابوو، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە گیانی لەدەستدا.
 
عوسمان مستەفاپوور، کە دانیشتووی شاری پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، دوای 27 ساڵ لە زیندان، رۆژی 22-11-2019لە زیندان ئازادکرا، دواتر  لە رۆژی 27-5-2020 پەیوەندی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران – حدکا کردەوە.
 
ئەو کۆتایی هاوینی ساڵی 1991 بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حدکا لە ناوچەی تەڕگەوەری ورمێ دەستبەسەر کرابوو. سەرەتا دادگا حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاند، دوایی حوکمەکەی بۆ 10 ساڵ کەمکرایەوە. بەڵام لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە 25 ساڵ زیندان مەحکوم کرا.
 
مستەفاپوور ساڵی 1967 لە پیرانشار لە دایکبووە، ئەو کاتەی دەستگیرکرا تەمەنی 23 ساڵ بوو،  پێشمەرگەی حدکا بوو، ئەو ماوەیەی لە زیندان بوو هیچ کات مۆڵەتی پێنەدرا لە زیندان بێتە دەرەوە. 
 
مستەفاپوور ماوەی حکومەکەی لە زیندانەکانی شاری تەورێز و ورمێ بەسەربرد. لەگەڵ ژمارەیەکی دیکەی گیراوی سیاسی دوای لێخۆشبوونێکی رێبەری ئێران بۆ گیراوان ئازادکرا.
 
مستەفاپوور لەگەڵ سێ کەسی دیکە لە ناوچەی ورمێ دەستبەسەرکرا، دوو کەس لەوان لە سێدارەدران و یەکێکیشیان دوای 8 ساڵ ئازادکرا.