مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان لە سێ مانگدا 0%ـی پارەی بودجەی پێگەیشتووە
رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی دەڵێت، نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک لە بودجەی فیدراڵدا هاتووە، لەلایەن بەغداوە، "زیان بە هاووڵاتیانمان دەگەیەنێت، متمانە کەم دەکاتەوە و پێشێلکردنی دەستوور و رێککەوتنەکانیشە."
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) خشتەیەکی مانگەکانی تەممووز، ئاب و ئەیلوولی شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا کە بۆ هەر مانگێک بەغدا دەبوو بەگوێرەی یاسای بودجە 1.375 ترلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام بۆ هەر سێ مانگەکە هەرێمی کوردستان "0٪ـی ئەو بڕەی پێگەیشتووە."
ئەمە لەکاتێکدایە، تائێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا نەگەیشتووەتە رێککەوتنێک لەبارەی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
بڕیارە بۆ سێ مانگ بەشێوەی قەرز وەزارەتی دارایی عێراق 500 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. بەڵام لە 04-09-2023 ئومید سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە دوایین کۆبوونەوەمان لە بەغدا گوتمان دەبێت هەموو شایستە داراییەکان بنێرن و رازی نەبووین بە میکانیزمی قەرز، بەڵام بڕیاری دوێنێ تاک لایەنە بووە و پرسیان بە حکومەتی هەڕیمی کوردستان نەکردووە نە لەسەر میکانیزمی قەرزەکە نە لەسەر بڕەکەی. چونکە بە 500 ملیار دینار رازی نەدەبووین ئەوە تەنیا 50٪ـی مووچە دابین دەکات."
رۆژی چوارشەممە، 6ی ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "حکومەتی هەرێم خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ بۆ هەر هەوڵێک کە پێویست بێت بۆ دابینکردنی مووچە و شایستەکانی هەرێم. جێگەی داخ و نیگەرانیمانە بەهۆی خەرجنەکردنی شایستەکانی هەرێم لەلایەن بەغدا، مووچەخۆران دوو مانگە مووچەیان دواکەوتووە، لەکاتێکدا هەرێم هەرچی پێویست بووە و هەر پابەندییەک بەرامبەر حکومەتی فیدراڵ هەبێت لە چوارچێوەی یاسای بودجە و دەستوور، جێبەجێی کردووە."
ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە؛ لەبەرامبەر پابەندییەکانی هەرێم، پێویستە کۆی گشتیی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت، کە بەگوێرەی خشتەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، دەکاتە 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار و، مانگانە بەگوێرەی ژمارەکانی بودجە، دەکاتە یەک تریلیۆن و 375 ملیار دینار، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا لە رۆژی 2023/9/3 لە دەرەوەی خشتەکانی بودجە و شایستەداراییەکانی هەرێم، بریاریدا بە شێوازی قەرز، تەنیا بڕی 500 ملیار دینار لە مانگەکانی 9، 10 ،11 خەرج بکرێت، لەکاتێکدا لەدوای مانگی شەشەوە، هیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی مانگەکانی 7 و 8 خەرجنەکراوە. ئەمەش لەکاتێکدایە هەر لەگەڵ کەوتنەبواری جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق لە 2023/6/25، هەرێم پابەندییەکانی خۆی بەگوێرەی یاسای بودجە جێبەجێ کردووە."
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوادەکات، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چاوخشاندنەوەی پێویست و دادپەروەرانە بە بڕیارەکەیدا بکاتەوە و "شایستە داراییەکانی هەرێم بەو ژمارانەی لە خشتەکانی بودجەدا هاتوون بۆ هەرێم خەرج بکات، بەتایبەتیش تەرخانکراوەکانی مووچە کە مانگانە 906 ملیار دینارە تاوەکو هەرێمی کوردستانیش بتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدات."