سەفین دزەیی: خەڵکی سڤیلی رۆژئاوای کوردستان زەرەرمەندی یەکەم دەبن

رووداو-هەولێر

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: پەیەدە دەسەڵاتی خۆی سەپاند و قوربانییەکی زۆریشی دا، بەڵام بەداخەوە کشانەوەی ئەمریکا لەو ناوچانە بەمانای ئەوە دێ تەنها و تەنها پەیەدە و یەپەگە بۆ کارێکی کاتی بەکار هێنراون.


بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەروەها گوتی: "ئەو بڕیارە دەیسەلمێنێ لەنێو هیچ رێککەوتنێکی سیاسی پرۆژە و پاڵپشتی بۆ داواکارییەکانی خەڵکی رۆژئاوا نەبووە و ئەم ناوچەیە دووبارە بۆ مەرامێکی تایبەت و کاتی بەکارهێندرا".

سەفین دزەیی پێیوایە، خەڵکی سڤیلی رۆژئاوای کوردستان زەرەرمەندی یەکەم بوون و زەرەرمەندی یەکەم دەبن و دەڵێت: "نیگەرانییەکی زۆرمان لەم رووداوانە هەیە و رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی سەتان هەزار کەسی دیکە لەو ناوچانە روو لە هەرێمی کوردستان بکەن".

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان رەخنە لە هەڵوێستی ئەمریکا دەگرێت بۆ پاشەکشە لە رۆژئاوای کوردستان و دەڵێت: "ئەمریکا دەبوایە زیاتر بەرپرسانە بەرامبەر ئەو مەلەفە رەفتار بکات و پێش کشانەوەیان بەدیلێک هەبا".

سەفین دزەیی هەروەها هۆشداریی دەدات لە چارەنووسی کەمپەکانی داعش و رایدەگەیێنێت: "چەندین کەمپی خەڵکانی داعش وەک ئەلهول هەنە و مەترسی لەسەر چارەنووسی 70 هەزار نیشتەجێی ئەو کەمپانە هەنە و مەترسی لەسەر هەموو ناوچەکە هەیە".

رووداو: ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی لە سنوورەکانی رۆژئاوای کوردستاندا، تورکیا بڕیاری ئۆپەراسیۆنی رۆژهەڵاتی فوراتیدا، چۆن دەڕواننە ئەو بڕیارەی ئەمریکا؟ ئایا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت؟

سەفین دزەیی: بەداخەوە لە رابردوو هەوڵێکی زۆر لە ئارادبوو لە هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی و بەتایبەتی سەرۆک بارزانی بۆ لێکنزیککردنەوەی هێزە سیاسییەکانی کوردانی رۆژئاوا بۆ ئەوەی بتوانن پەیامێکی هاوبەشیان هەبێت لە هەموو دانووستاندنێکی سیاسی چ لەگەڵ ئەمریکا و چ لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا یاخود رووسیا و تەنانەت ئەگەر پێویست بکات لەگەڵ رژێمی سووریاش، بۆ ئەوەی یەکهەڵوێست بن بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن، بەڵام بەداخەوە پەیەدە دەسەڵاتی خۆی سەپاند بەسەر ئەو ناوچانە و قوربانییەکی زۆریشدا لەپێناو ئازادکردنی ناوچەکان. بەداخەوە ئەمڕۆ کە دەبینین کشانەوەی ئەمریکا لەو ناوچانە بەمانای ئەوەدێت تەنها و تەنها پەیەدە و یەپەگە بۆ کارێکی کاتی بەکارهێنراون، ئەمەش وا دەسەلمێنێت لەناو هیچ رێککەوتنێکی سیاسی پرۆژە و پاڵپشتی بۆ داواکارییەکانی خەڵکی رۆژئاوا نەبووە. جێی داخە کە ئەمڕۆ دەبینین دووبارە ئەو ناوچەیە بەکارهێندراوە بۆ مەرامێکی تایبەت و کاتی، خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچانەش زەرەرمەندی یەکەم بوونەو زەرەرمەندی یەکەم دەبن.

ئەو رووداوانەی ئێستا چاوەڕوان دەکرێت نیگەرانییەکی زۆرمان هەیە، رەنگە ببێتە مایەی ئەوەی سەتان هەزار کەسی دیکە لەو ناوچانە روو لە هەرێمی کوردستان بکەن، کە ئەمەش دەبێتە قەیرانێکی دیکە.

رووداو: هیچ ئامادەکارییەکتان بۆ هاتنی بە لێشاوی دووبارەی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان کردووە؟

سەفین دزەیی: ئامادەکاری هەرێمی کوردستان ئەوەیە دەبێت تەنها دەرگامان بکەینەوە، بەڵام لەڕووی ئیمکانیات لەڕاستیدا هەرێمی کوردستان تازە لە قەیران دەرچووە، بەڵام لەڕووی پێشکەشکردنی یارمەتی ئەوەی بتوانین لە دەمی خۆمان نان بگرینەوە پێشکەشیان بکەین. چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسی یەکەم دەبێت، چونکە وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا تا راددەیەک لەناو ئەو بابەتەدا بوون، خودی رووسیا و وڵاتانی دیکەش پێویستە ئەوانیش بێنە سەر خەت، هاوکات رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی و سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ئامادەیی خۆیان بکەن بۆ هەر ئەگەرێک ئەگەر هاتوو ئەو لێشاوە لە خەڵکی رۆژئاوا روویان لە هەرێمی کوردستان کرد.

رووداو: ئەو ئۆپەراسیۆنە هیچ کێشەیەک بۆ سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەکات؟

سەفین دزەیی: مەترسی لەوەدا هەیە چەند کەمپی سەر بە داعش لەو ناوچانەن، وەکو کەمپی ئەلهول و چەند شوێنێکی دیکەش، ئایا چارەنووسی ئەو داعشانە چی لێدێت، ئایا پەیەدە و یەپەگە بەردەوام دەبن لە پاراستنی ئەو کەمپانە یان دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتێکی دیکە، ئایا ئەو خەڵکە دەرگایان بۆ وڵا دەکرێت بۆ هەر شوێنێک کە بیانەوێت بچن؟ بۆیە بێگومان مەترسی هەیە.. 70 هەزار کەس لەو کەمپەدا دەژین، مەترسی بۆسەر هەموو ناوچەکە هەیە، لەوەش زیاتر رەنگە لەوبەری فورات خەڵکانێکی تووندڕەو و تیرۆریست هەن رەنگە دزە بکەنە ئەوبەری فورات، رووداوەکانی کە لە عەفرین روویدا رەنگە لە شوێنی دیکەش رووبداتەوە، ئەمانەش هەمووی جێگەی مەترسی و ئەگەرن، بۆیە نیگەرانییەکی زۆر هەیە، دەبوو ئەمریکا زیاتر بەرپرسانە بەرامبەر ئەو پرسە رەفتار بکات، بەدیلێک هەبێت بەر لەوەی خۆیان دەست بکێشنەوە لەو شوێنانە.