مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک: 30 ئەفسەری پارتی بوونە یەکێتی


رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، 30 ئەفسەر و فەرماندەی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندییان بە حیزبەکەیەوە کردووە و دەڵێت، "بەهۆی پەراوێزخستنیانەوە لەنێو پارتییەوە پەیوەندییان بە ریزەکانی یەکێتی کرد." هەروەها بەرپرسێکی پارتیش لە کەرکووک دەڵێت، "تەنیا سێ لەو ئەفسەرانە پارتیین و ئەوانی دیکە پێنج ساڵ دەبێت پەیوەندییان بە پارتییەوە نەماوە."
 
رۆژی دووشەممە، 7-11-2022، رەوەند مەلا مەحموود، بەرپرسی مەڵبەندی دووی رێکخستنی کەرکووكی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، 30 ئەفسەر و فەرماندەی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندییان بە ریزەکانی یەکێتییەوە کردووە. ئەو ئەفسەرانە سەر بە پۆلیسی کۆمپانیای نەوتی باکوورن و "بەھۆی پەراوێزخستنیانەوە لەلایەن پارتییەوە پەیوەندیان بە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کردووە."
 
دوای پێشوازیکردن لەو ئەفسەر و فەرماندانە وەکو لە راگەیێندراوەکەی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی هاتووە، رەوەند مەلا مەحموود لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵیاندا کە بە ئامادەبوونی سەرباز ساڵەیی، لێپرسراوی کۆمیتەی پۆلیسی نەوت بەڕێوەچووە، رایگەیاندووە: "کەرکووک و یەکێتی دووانەیەکی لێکدانەبڕاون، یەکێتیش ھەمیشە لەبەرەی خزمەتکردن بە کەرکووکیەکان دەمینێتەوە، لە رۆژە سەخت و دژوارەکان بەجێیان ناھێڵێت."
 
بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئەو حیزبە لە کەرکووک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لەبارەی پەیوەندییکردنی ئەو ئەفسەرانەوە بە رووداوی گوت، "تەنیا سێ لەو کەسانەی راگەیێندراوە بوونە یەکێتی، پارتی بوون و ئەوانی دیکەیان لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە پەیوەندییان لەگەڵ پارتی پچڕاوە."
 
هەرچەندە بەپێی رێککەوتننامەی ستراتیژیی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان نابێت هیچ لایەنێک کەسانی دیکەی نێو حیزبی بەرامبەر وەربگرێت، بەڵام ناوە ناوە ئەمە روودەدات و زۆرجاریش پێش هەڵبژاردنەکان زیاتر دەبێت.