سێ مانگ مۆڵەت دراوەتە هۆڵەکانی کەرکووک

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرگری شارستانیی کەرکووک رایدەگەیێنیت، سێ مانگ مۆڵەتی داوەتە هۆڵی بۆنەکان لە شارەکەیدا، بۆ ئەوەی کەموکورتییەکانیان نەهێڵن و ئەو وادەیەش تاوەکو سەری ساڵ کۆتایی کۆتایی دێت.
 
بە گوتەی بەرگری شارستانیی کەرکووک، لەو شارەدا، 22 هۆڵی بۆنەکان هەن، 20یان چالاکن و دووانیان داخراون.
 
عەقید رامی سەباح، بەڕێوەبەری بەشی ئاگرکوژێنەوە و سەلامەتی لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری شارستانی کەرکووک رۆژی سێشەممە، 07-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ، 20 هۆڵیان پشکنیوە و پێویستییەکانیان دیاریکردوون.
 
بەڕێوەبەری بەشی ئاگرکوژێنەوە و سەلامەتی لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری شارستانیی کەرکووک دەڵێت، سێ مانگ مۆڵەتیان داوەتە هۆڵەکان، تاوەکو پێویستییەکان و مەرجی سەلامەتی جێبەجێ بکەن کە خۆیان دەبیننەوە لە لابردنی سەندویچ پەنەڵ، دانانی سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت، دانانی ئاوپڕێژن،  کردنەوەی زیاتر لە دەرگایەکی فریاکەوتن، لابردنی مادە گڕگرەکان، لابردنی پەردەی هۆڵەکان، دیاریکردنی ژمارەی ئەو کەسانەی کە دەتوانن لە هەر هۆڵێک ئامادەبن.
 
بەڕێوەبەری بەشی ئاگرکوژێنەوە و سەلامەتی لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی کەرکووک  جەخت لەوە دەکاتەوە، زۆربەی هۆڵەکان بەبێ ئاگاداری بەرگری شارستانی کراونەتەوە، بەڵێننامەیان بە خاوەن هۆڵەکان پڕکردووەتەوە کە لە ماوەی سێ مانگ سەرپێچییەکان چارەسەر بکەن.
 
ئەو رێکارانە بەرامبەر هۆڵی بۆنەکان لە پاش رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزایە حەمدانیە لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق گیرانەبەر.
 
شەوی 26-09- 2023، ئاگر لە هۆڵێکی بووکگواستنەوە لە قەزای حەمدانییە لە پارێزگای نەینەوا کەوتەوە، بەهۆیەوە 132 کەس گیانیان لەدەستدا و 150ی دیکەش برینداربوون، تائێستا زیاتر 60 بریندار لە نەخۆشخانەکانی هەولێر و دهۆک  چارەسەر وەردەگرن و 12 برینداریش لە نەخۆشخانەکانی تورکیان.
 
عەمید خالد سەروەت، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستاینی نەینەوا، رۆژی یەکشەممە، 05-11-2023، لە پرۆگرامی نووڕۆژی رووداودا رایگەیاند، بەرگریی شارستانی بەدواداچوون بۆ سەرجەم پڕۆژەکان دەکات، کە ئایا مەرجی سەلامەتییان تێدایە یان نا، بۆ ئەم مەبەستەش پڕۆژەکانی بۆ سێ پۆل دابەشکردووە (ئەلف، با و جیم). هەر باڵەخانە و دامەزراوەیەک کە دروستدەکرێت دوو دەرخستە و پشکنینی بۆ دەکرێت، لە دەرخستەی یەکەم تێبینییە نەرێنییەکان تۆمار دەکرێن، دوای شەش مانگی دیکە دەرخستە و پشکنینی دووەمی بۆ دەکرێت بە دواداچوونی کارەکان و چارەسەرکرنی کەموکورتییەکان دەکرێت.
 
پرۆژەی ئەلف، پرۆژە گەورە ستراتیژییەکان دەگرێتەوە، وەکو کارگە و دامەزراوە و نەخۆشخانەکان. پرۆژەی بێ، چێشخانە، هۆتێل، وێستگەکانی سووتەمەنی و هۆڵەکان دەگرێتەوە. هەرچی پۆلی جیمە، پرۆژە سادە و ئاساییەکان دەگریتەوە.
 
عەمید خالد سەروەت دەڵێت، دوای رووداوەکەی حەمدانیە، گەڕان و پشکنینی فراوان بۆ هەموو پرۆژەکانی نەینەوا دەستیپێکرد، سەرنج و تێبنییەکان جێگیر کران، سەرەتا هەموو ئەو پرۆژانە داخران کە سەرپێچییان تێدابوو و رێکاری یاسایی گیرایەبەر. 160 پرۆژە لە نەینەوا مەرجی سەلامەتییان تێدا نەبووە، تائێستاش هەڵمەتەکانیان لە تەواوی پارێزگاکە بەردەوامە.
 
عەمید خالد سەروەت دەڵێت، 150 هۆڵ و ژمارەیەکی زۆر پرۆژە داخراون، بەڵێننامە بە خاوەنەکانیان پڕکراوەتەوە بۆ ئەوەی لەماوەی سێ مانگدا کەموکورتییەکانیان چارەسەر بکەن، مەرجەکانی سەلامەتی جێبەجێ بکەن بۆ پاراستنی هاووڵاتیان، لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی مەرجەکان پرۆژەکە دادەخرێت، لەوانە دانانی ئاگرکوژێنەوە. نابێت ئامادەی گڕگرتوو بەکاربێت وەک ئەلیکۆبۆن و ساندەوچ پەنەل، سیستمی ئاگادارکردنەوە هەبێت لە دژی دووکەڵ و هاوشێوەکانی، سسیتمی ئاگرکوژێنەوە و هەموو کەرەستەکانی خێرا کۆنترۆڵکردنی ئاگری تێدابێت.
 
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی نەینەوا،  جەخت لەوەدەکاتەوە، "هیچ پرۆژەیەک مۆڵەتی دامەزراندنی پێنادرێت، تاوەکو بەرگریی شارستانی رەزامەندی لەسەر نەدات، پێویستە هەموو مەرجەکانی سەلامەتی تێدابێت".