سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق بە بۆنەی کۆتاییهاتنی کارەکەی و بە مەبەستی ماڵئاوایی کردن، سەردانی پیرمامی کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە و سوپاس و ستایشی کرد لە بەرامبەر رۆڵ و پشتگیری بەردەوامی سەرۆک بارزانی لەو ماوەدا کە وەکو باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کاریکردووە.
رۆژی دووشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2024، بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە ئیریک شۆڤالیێ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد و تاوتوێی بارودۆخی سیاسی و ئاڵۆزییەکانی عێراق و ناوچەکە و رووداوەکەکانی ئەم دواییانە کران.
هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سەرۆک بارزانی سوپاسی رۆڵی بەرچاوی باڵیۆزی فەرەنسای کرد کە توانی پەیوەندییەکی باش و بەرچاو لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقی و کوردستانییەکان دروست بکات و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا."
بە گوێرەی بارەگای بارزانی، پەیوەست بە بارودۆخی عێراقیش هەردوولا جەختیان لەوەکردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق پارێزگاری لە ئاسایشی عێراق بکات و یاسا سەروەر بێت."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانیدا باس لەوەکراوە کە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ و رێکارەکانی باشترکردنی ئەم پەیوەندییانە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.
دەقی راگەیێندراوەکە
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق دەکات
رۆژی دووشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە ئیریک شۆڤالیێ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا باڵیۆزی فەڕەنسا کە بەمەبەستی ماڵئاوایی و بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو، خۆشحاڵی خۆی بە دیداری سەرۆک بارزانی نیشان دا و سوپاسی رۆڵ و پشتگیری بەردەوامی سەرۆک بارزانی کرد لەو ماوەیەی کە وەک باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کاریکردووە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باس لەبارودۆخی سیاسی و ئاڵۆزییەکانی عێراق و ناوچەکە و رووداوەکەکانی ئەم داوییانە کران و بیروڕا لە بارەی دۆخەکە بە گشتیی ئاڵوگۆڕکران.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی رۆڵی بەرچاوی باڵیۆزی فەرەنسای کرد کە توانی پەیوەندییەکی باش و بەرچاو لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقی و کوردستانییەکان دروست بکات و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا.
پەیوەست بە بارودۆخی عێراقیش هەردوولا جەختیان لەوەکردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵی عێراق پارێزگاری لە ئەمن و ئاسایشی عێراق بکات و یاسا سەروەربێت. پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ و رێکارەکانی باشترکردنی ئەم پەیوەندییانە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.