پارێزگاری سلێمانی بۆ کەسوکاری قوتابییان: بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن پشتیوانمان بن

رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری سلێمانی سەردانی پەروەردەی گشتیی پارێزگاکەی کرد، هەردوولا داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کرد، "مافی هاووڵاتییان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان نەکەن." 
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، پشتیوانی ئەنجوومەنی خۆجێی سلێمانی بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن پێشاندراوە. 
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە کەسوکاری خوێندکاران و قوتابییان کراوە، پشتیوانی ئەم هەنگاوانەبن بۆ ئەوەی "بەشێوەیەکی شایستە" پرۆسەی خوێندن دەستپێبکاتەوە. 
 
هەروەها دواتر لە پۆستێکی دیکەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، هەڤاڵ ئەبوبەکر داوایەکی ئاراستەی مامۆستایانی ناڕازی کرد و گوتی، "داوا لە مامۆستایانی خۆشەویست و پێشەنگ دەکەین، لەگەڵ بەردەوامبونیان لە داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانیان، دەست بە وەرزی نوێی خوێندن بکەنەوە و سەدان هەزار خوێندکار و قوتابی لەم دۆخە ناهەموارە رزگار بکەن."
 
پارێزگاری سلێمانی هەروەها پەیامی ئاراستەی خوێندکاران کرد و گوتی، "داوا لە کەسوکاری خوێندکاران و قوتابییان و خودی خوێندکاران و قوتابییان دەکەین، بە گوڕوتینێکی نوێوە دەست بە خوێندن بکەنەوە و خۆیان بە پشتیوانی سەرەکیی مافی مامۆستایان و تەواوی هاووڵاتییان بزانن."
 
ئەو گوتانەی هەڤاڵ ئەبوبەکر لە کاتێکدایە کە نزیکەی چوار مانگە و لە 13-09-2023ـەوە ساڵی خوێندنی 2023 - 2024 دەستیپێکردووە، بەڵام مامۆستایان لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە.
 
رۆژی یەکشەممە، 07-01-2024، دوای نووسراوی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان هات کە تێدا ئاماژەی بەوەکردبوو، پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، داواکاریی مامۆستایان جێبەجێ دەکەن، پەروەردەکانی سلێمانی، راپەرین، گەرمیان و هەڵەبجە نووسراوێکیان ئاراستەی مامۆستایان کرد و داوایان کرد بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن. هەمان رۆژ ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی وەڵامی وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتیی شارەکانیان دایەوە و رایانگەیاند، "مەرجدارکردنی جێبەجێکردنی داخوازییەکانمان و بەستنەوەی بە هەمواری نادیاری یاسای بودجەی عێراقەوە خۆدزینەوەیە لە جێبەجێکردنیان و ناتوانین و باوەڕ بەوە ناکەین حکومەت نییەتی چارەسەرکردنی گرفتەکانی هەبێت."
 
ئەنجوومەنی مامۆستایانی نارازی مامۆستایانیان ئاگادارکردەوە کە رۆژی دووشەممە، 08-01-2024 خۆپێشاندانی سەرتاسەریی ئەنجامدەدەن وەکو درێژەدان بە خەباتی مەدەنییان. 
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی، کە دەکاتە نزیکەی ٪40ـی کۆی قوتابییان دەوامیان نەکردووە. تاوەکو ئێستا چارەنووسی خوێندن لەو ناوچانە بە نادیاری ماوەتەوە.