کەجەکە راگەیێندراوێکی تووند لەسەر باشووری كوردستان بڵاودەکاتەوە
رووداو- هەولێر
هاوسەرۆكایەتی کۆنسەی کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە لەبارەی پێنەدانی ناسنامە بۆ هاتوچۆکردنی هێزەکانیان لە باشووری کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هەڕەشەی ئەوە دەکات کە چیدی ئەمە قبوڵ ناکەن.
لە راگەیێندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە،" دوای هێرشی چەکدارانی داعش له‌دۆخێکی هه‌ستیاردا و به ماوه‌یه‌کی که‌م گه‌ریلاکانیان گه‌یاندووەتە شنگال، مه‌خموور، که‌رکووک و شێخان"، وەک کەجەکە ئاماژەی بۆ کردووە، ئامانج لەو کارەیان تەنیا پاراستنی گه‌ل بووە له باشووری کوردستان.
کەجەکە لە راگەیێندراوەکەیدا بانگەشەی هه‌وڵی دروستکردنی کێشه و گرفت بۆ حکومه‌تی باشوور و پارچه‌کردنی باشووری کوردستان بەدوور له راستییه‌وه دادەنێت.
کەجەکە لەو راگەیێندراوەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە باشووری کوردستان نیازێک بۆ رەشکردنی تەڤگەرەکەیان هەیە و پروپاگەندە لە دژیان بڵاودەکرێنەوە.
لەبارەی کشانەوەی گەریلاکانیشیان لە باشووری کوردستان، هاوسەرۆکی کۆنسەی کۆما جڤاکێن کوردستان رایگەیاندووە، کە ئەوان کشانه‌وه‌ی گهریلایانیان خستووه‌ته به‌رباس که ئێستا به‌رامبه‌ر داعش شه‌ڕده‌که‌ن.
بە پێی راگەیێندراوەکە ئەوان پێش ئه‌وه‌ی بڕیار له‌سه‌ر کشانه‌وه‌ی گه‌ریلاکانیان بده‌ن، چاوه‌ڕێی هه‌ڵوێستی هه‌موو حیزب، ته‌ڤگه‌ر و لایه‌نه مه‌ده‌نییه‌کانی باشووری کوردستان ده‌که‌ن که هه‌ڵوێستی خۆیان له‌وباره‌یه‌وه ئاشکرا بکەن.
هاوكات جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ تۆڕی میدیای رووداو گوتی،" ئێمە وەك وەزارەت هیچ قسەیەكمان لەبارەی ئەو راگەیێندراوە نییە، چونكە پرسێكی تایبەت بە خۆیانە".