کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان سەرکۆنەی داخستنی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان، سەرکۆنەی داخستنی نووسینەگەی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان و ئەشکەنجەدانی تیمی رووداو دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، رێگریکردن لە کاری میدیایی، ئازادی رۆژنامەگەریی و ئازادی رادەربڕین لەگەڵ ئەو خواستەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر یەکناگرێتەوە کە خوازیاری دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراسییە لە ناوچەکە.
 
شەریف مەنسور، رێکخەری کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانانی جیهان (CPJ)  بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو کە بێستوون عوسمان پێشکەشی دەکات، رایگەیاند: "ئێمە سەرکۆنەی ئەو بڕیارە دەکەین، سەرباری ئەوەش ئەمە جاری یەکەم نییە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە هێرش دەکرێتە سەر نووسینگەی رووداو، چەند جارێکی دیکەش هێرش کراوەتە سەر تیمەکانی رووداو، ئەشکەنجەیان داون و رەفتاری ناشرینیان لەگەڵ کردوون."
 
رۆژی 5ـی ئەم مانگە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە رۆژئاوای کوردستان داخست و سەرجەم کارەکانی قەدەخەکرد. تۆڕی میدیایی رووداویش بڕیارەکەی بە تاوان پێناسەکرد و راشیگەیاند، بڕیارەکە سیاسییە.
 
بەگوتەی شەریف مەنسور، ئەوان داواکارییان بەرزکردووەتەوە بۆ دەسەڵات لە رۆژئاوای کوردستان بۆ وەستاندنی ئەو کارانە، هەروەها داوایان کردووە لێکۆڵینەوە بکرێت لەسەر ئەو هێرشەی کە کراوەتە سەر تیمی رووداو، دەشڵێت، "هاوکات داواشمان لێکردوون چاوێک بە بڕیارەکەیاندا بخشێننەوە."
 
رێکخەری کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانانی جیهانی ئاماژە بەوە دەدات، ئەوان هەوڵ دەدەن پەیوەندیی بە دەسەڵاتداران لە رۆژئاوای کوردستانەوە بکەن و گوتیشی، "بە دڵنیاییەوە بەدواداچوون دەکەین بۆ ئەو بابەتە بە شێوەیەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە پەیوەندیکردن لەگەڵ دەسەڵات و ئەوانەی لەگەڵ دەسەڵاتن لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا."
 
ساڵی 2015 بۆ ماوەی سێ ساڵ تەواوی کارەکانی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان قەدەخەکرا، لە دوای کردنەوەشی چەندین جار هێرشکرایە سەر نووسینگەکەیی و رۆژنامەڤانانی رووبەڕووی ئەشکەنجە و هەڕەشە کرانەوە.
 
شەریف مەنسور ئاماژە بەوەش دەکات، دەزانن تۆڕی میدیایی رووداو نەک تەنیا لە سووریا بەڵکو لە عێراق، هەرێمی کوردستان و تورکیاش چالاکن و کاردەکەن. خەڵک گوێیان لێدەگرێت و رەنگە تاکە کەناڵیش بێت کە بە زمانی کوردی هەواڵەکان بڵاو دەکەنەوە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو نوێنەرەی (CPJ) ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانی سووریای دیموکرات و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەمیشە ئەوەیان گوتووە کە دەیانەوێت سیستەمێکی دیموکراسی دابمەزرێنن، بەڵام تەنانەت هەوڵدان بۆ ئەوەی لە شوێنێک ئازادی هەبێت و گوزارشت لە ئازادییەکان بکرێت و ئازادی رادەربڕین هەبێت، ئەوان لە دژی دەوەستنەوە، دەشڵێت، "بۆیە هەر لێرەوە سەرکۆنەی ئەو بڕیارە دەکەین کە لە ئاست تۆڕی میدیایی رووداو دەریکردووە."