لە دیلۆکی باکووری کوردستان بوومەلەرزە 900 باڵەخانەی رووخاندووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ژینگە و شارەوانی تورکیا دەڵێ، لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان، 900 باڵەخانە رووخاون و 551 کەس گیانیان لەدەستداوە.
موراد کوروم، وەزیری ژینگە و شارەوانی تورکیا ئەمڕۆ (چوارشەممە، 08-02-2023) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری دیلۆک رایگەیاند، هەزاران تیم بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان پێکهێنراون و 400 ئامێری هەڵکەندن و دۆزینەوەمان رەوانەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان کردووە.
موراد کوروم، ئاماژەی بەوەدا، لە پارێزگای دیلۆک 900 باڵەخانە رووخاون و 551 کەس گیانیان لەدەستداوە. پێنج هەزار و 942 کەس بە برینداری لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا رزگارکراون و لە نەخۆشخانەکانی ئیسلاحییە و نورداغ و نەخۆشخانەی گەڕۆک چارەسەر وەردەگرن.
چەندین رێگە داخراون و زیان بە تاوەرەکانی ئینتەرنێت و تەلەفۆن گەیشتووە. وەزیری ژینگە و شارەوانی تورکیا ئاماژەی بەوەدا، دۆخەکە هێشتا هەستیارە و داوایکرد خەڵکی نەگەڕێنەوە بۆ ئەو خانوو و باڵەخانانەی، بەهۆی بوومەلەرزە زیانیان بەرکەوتووە.
ئەو داتایانە لەکاتێکدان تیمی رووداو چووەتە نێو شارۆچکەی ئیسلاحیە لە دیلۆک، دیمەنەکان نیشانی دەدەن بوومەلەرزە بەهێزەکان کە 6-2-2023، بە گوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر روویاندا، بوونەتە هۆی چ کاولکارییەک و زیاتر لە نیوەی شارۆچکەکەیان رووخاندووە.
بەگشتی بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە تائێستا لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان هەروەها تورکیا و سووریا زیاتر لە 9800 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزارانی دیکە بریندارن.