بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا، دەسەڵات دەدرێتە سەرۆکی زانکۆکان دەوام رابگرن

رووداو دیجیتاڵ 

لەسەر فەرمانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا، دەسەڵات درایە سەرۆکی زانکۆ حکومی و ناحکومییەکان لەکاتی پێویستدا دەوام رابگرن.
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمشەو (شەممە، 8-2-2025) رایگەیاند ئەو بڕیارە بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانى دامەزراوەى کەشناسى و بوومەلەرزەزانیی هەرێمى کوردستان دراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێ "بەهۆی نالەباریی کەشوهەواى ناوچەکانى کوردستان و بەفربارین، لەپێناو پاراستنى سەلامەتیی گیانى خوێندکاران، قوتابیان، مامۆستایان و فەرمانبەرانى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە هەردوو کەرتى گشتى و تایبەت، لەسەر فەرمانى د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بە رەچاوکردنى بارودۆخى کەشوهەواى ناوچە جیاجیاکانى هەرێمى کوردستان، دەسەڵات دەدرێتە سەرۆکی زانکۆکان بۆ ئەوەى لە کاتى پێویستدا دەوام رابگرن."
 
وەک بەشی پێشبینیی کەشوهەوا لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشبینیی کردبوو، ئەمڕۆ لە بەشێکی پارێزگای سلێمانی و هەندێک قەزا و ناحییەکانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان، بەفر باری و خێرایی با لە هەندێک کاتدا گەیشتە سەرووی 25 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا.