فەسڵە یوسف: قەتەر ئامادەیە رۆڵی نێوەندگیر لە نێوان کورد و دیمەشق ببینێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، زانیاریی وردی لەبارەی جووڵە دیپلۆماسییەکانی ئەنەکەسە لە دیمەشق و هەولێر خستەڕوو.
فەسڵە یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، بووە میوانی نووڕۆژی رووداو و وەڵامی پرسیارەکانی نالین حەسەنی دایەوە.
فەسڵە یوسف رایگەیاند، لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، گفتوگۆی زۆر ورد و قووڵیان کردووە.
هەروەها رایگەیاند، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع زیاتر لە کاژێرێکی خایاندووە و "ئەرێنی و کراوە" بووە.
فەسڵە یوسف لەبارەی پێناسەکردنی کورد لەلایەن دیمەشقەوە گوتی، "بەرێز ئەحمەد شەرع بە ئاشکرا گوتی کە کورد بەشێکی رەسەن و سەرەکیی گەلی سووریایە، بەڵام ئێمە پێمان گوت کە ئێمە تەنیا پێکهاتەیەک نین، بەڵکو نەتەوەین، پێویستە ئەم راستییە لە دەستووری نوێدا بەشێوەیەکی فەرمی دانی پێدابنرێت و مافە سیاسی و کولتوورییەکانمان گەرەنتی بکرێن."
داواکارییە سەرەکییەکان: زمان و پەروەردە
لە کۆبوونەوەکانی دیمەشقدا، ئەنەکەسە دۆسیەیەکی فراوانی داواکارییەکانی کوردی پێشکێش کردووە. فەسڵە یوسف ئاماژەی بەوە کرد، داوایان کردووە زمانی کوردی لە سووریا ببێتە زمانی فەرمی و لە هەموو ئاستەکانی خوێندندا بەکاربهێندرێت و گوتی، "پێمان گوتن کێشەی کورد لە سووریا کێشەیەکی نیشتمانییە. چارەسەر بە داننان بە ناسنامەی کورد و دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و سامانەکان دەبێت. بەرپرسانی دیمەشق رایانگەیاند کە ئامادەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەموو ئەم خاڵانە."
سەردانی دۆحە و پشتیوانیی نێودەوڵەتی
شاندی ئەنەکەسە دوای دیمەشق، سەردانی دۆحەی پایتەختی قەتەری کرد و لەوێ لەگەڵ وەزیری دەوڵەتی قەتەر و بەڕێوەبەرانی وەزارەتەکە کۆبوونەوە.
فەسڵە یوسف لەبارەی ئەم سەردانەوە گوتی، "قەتەر رۆڵێکی گرنگ لە دۆسیەی سووریادا دەگێڕێت. ئەوان پشتیوانیی خۆیان بۆ دیالۆگی ناوخۆیی سووریا و داوا رەواکانی کورد نیشان دا. بۆ ئێمە گرنگە کە لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان پشتیوانی لە چارەسەرێکی سیاسی بکەن. هەروەها قەتەر ئامادەیی خۆی نیشان دا، ئەگەر لە داهاتوودا لەکاتی دانوستانەکاندا کێشەیەک دروست بێت، رۆڵ بگێڕێت و داوای کرد پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەنەکەسە بەردەوام بێت."
هەولێر و یەکڕیزیی کورد: پەیامی سەرۆک بارزانی
فەسڵە یوسف تیشکی خستە سەر سەردانەکەیان بۆ هەولێر و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
یوسف رایگەیاند کە هەرێمی کوردستان هەوڵێکی زۆر بۆ یەکڕیزیی کوردانی سووریا دەدات و گوتی، "سەرۆک بارزانی بە روونی پێی گوتین کە ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە و پێویستە کورد بە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بچنە دیمەشق. ئێمە ئێستا کار دەکەین بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی دیکە، بەتایبەتی لەگەڵ هەسەدە و پەیەنەکە، بگەینە تێگەیشتنێکی هاوبەش تاوەکو وەک یەک شاند نوێنەرایەتیی گەلەکەمان بکەین."
رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم و گەڕانەوەی ئاوارەکان
فەسڵە یوسف لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق، گوتی کە ئەم رێککەوتنە بۆ پاراستنی ناوچەکە لە شەڕ و وێرانی گرنگە، بەڵام پێویستە "بە وردی جێبەجێ بکرێت."
یوسف جەختی لەوە کردەوە کە لابردنی گەمارۆی سەر کۆبانێ و کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی پێویستیی بەپەلەن.
فەسڵە یوسف لە کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر دۆخی عەفرین، گرێ سپی و سەرێ کانی و گوتی، "تاوەکو ئاوارەکانی ئەم ناوچانە بە شکۆ و سەلامەتی نەگەڕێنەوە ماڵەکانیان، چارەسەرێکی تەواو نایەتە ئاراوە. پێویستە گرووپە چەکدارەکان لەنێو شارەکان بچنە دەرەوە و ئاسایش رادەستی خەڵکی ناوچەکە و دامەزراوە فەرمییەکان بکرێت."