بەڕێوەبەری کارەبای سۆران: نرخی کارەبا گران نەبووە، بەکارهێنان زیاد بووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران رایدەگەیێنێت، لە سەنتەری سۆران لە رێگەی پڕۆژەی رووناکی (پێوەری زیرەک)ـەوە کارەبای 24 کاژێری بۆ هاونیشتمانییان دابینکراوە، بەڵام قەزاکانی دەوروبەری هێشتا نەخراونەتە سەر ئەو پڕۆژەیە و رۆژانە 12 کاژێر کارەبای نیشتمانییان پێ دەدرێت. دەشڵێت: " بەهای کارەبا نەگۆڕدراوە".
ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران، لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی کرد، گوتی: "لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 120 مێگاوات کارەبامان پێویستە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری."
وەک ئەندازیار ئەردەوان باسیکرد، جێبەجێکردنی پڕۆژەی رووناکی بووەتە هۆی کەمکردنەوەی خواست لەسەر کارەبا؛ بۆ نموونە، پێشتر لە وەرزی زستاندا 200 بۆ 380 مێگاوات کارەبا بەکاردەهات، "بەڵام ئێستا بەهۆی پڕۆژەکەوە تەنیا 120 مێگاوات پێویستە".
سەبارەت بە هۆکاری زۆریی پارەی پسوولەی کارەبا، ئەردەوان ئیبراهیم روونیکردەوە، "بەهای کارەبا گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە، بەڵام بەهۆی سەرما و دابەزینی پلەی گەرما بۆ ژێر 22 پلەی سیلیزی لە هەندێک ناوچە، بەکارهێنانی کارەبا زیاد بووە."
ئاماژەی بەوەش کرد، هاونیشتمانییان پێشتر 12 کاژێر کارەبایان هەبووە، بەڵام ئێستا 24 کاژێر کارەبایان هەیە و زیاتر بەکاریدەهێنن.
بەڕێوەبەری کارەبای سۆران جەختی لەوە کردەوە، لە پڕۆژەی رووناکیدا پارەدان بە قیست نییە و دەبێت هاوبەشان لە ماوەی 51 رۆژدا پارەی پسوولەکانیان بدەن، ئەگینا کارەباکەیان دەبڕدرێت. هەروەها گوتی، "داشکاندن لە قەرزی کۆن ناکرێت، چونکە ستەم دەبێت لەو کەسانەی کە پارەکەیان بە تەواوی داوە."
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نزیکەی 89 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن و 49 هەزاریان هێشتا لە دەرەوەی پڕۆژەی رووناکین. ئەردەوام ئیبراهیم، گوتی، تیمەکانیان کاردەکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەوانیش بخرێنە سەر پڕۆژەکە.
لەبارەی ئەو پرسیارەی؛ ئایا ئەو هاوبەشانەی پسوولەی کارەبایان بۆ ناچێتەوە، کارەباکەیان دەبڕدرێت؟ بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران، لە وەڵامدا گوتی: "بەشێکی زۆر کەم لە هاوبەشانی کارەبا پسوولەیان بۆ ناچێت، بەهۆی هەبوونی کێشە لە شبکەی زەین و نەناردنی داتا. رۆژانە ئەو کەسانە سەردانی بەشی فرۆشتنی وزە دەکەن و دەتوانن پارەی کارەباکەیان بدەن. ئەوانەی پسوولەیان بۆ نەچێت و قەرزی سفر بێت، کارەبایان نابڕدرێت، دەتوانن سەردان بکەن و مانگی داهاتوو پسوولەیان بۆ دەچێت."