مەسرور بارزانی: کار بۆ دانانی سیستمی بیمە و دڵنیایی تەندروستی دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەموو هەوڵێک دەخەنەگەڕ بۆ باشترکردنی کەرتی تەندروستیی گشتی و گەیاندنی باشترین خزمەتگوزاریی تەندروستیی بە هاووڵاتییان و دەشڵێت: "کاردەکەین بۆ دانانی سیستمی بیمە و دڵنیایی تەندروستی بەپێی پێوەرێک کە گونجاو بێت بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان".
ئەمڕۆ سێشەممە 08-03-2022، لە هەولێر بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆنفڕانسی پێداچوونەوە بە سیستمی تەندروستی و چاکسازی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە میانی کۆنفرانسەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێشکرد و لە دەستپێکی گوتارەکەیدا سوپاسی رێکخراوی تەندروستی جیهانی کرد و گوتی، "بەردەوام لەگەڵمان بوون، پاڵپشت و هاوکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بوون، هیوادارم بەردەوامیش بن لەگەڵ ئێمە بۆ ئەوەی بتوانین بە یەکەوە خزمەتێکی زیاتری کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و مرۆڤایەتی بە گشتی بکەین".
مەسرور بارزانی سوپاسی ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییەشی کرد کە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی "خەریکن بۆ ئەوەی ریفۆرم لە سێکتەری تەندروستی بکرێت تاوەکو بتوانین خزمەتێکی باشتر پێشکێشی هاووڵاتیان بکەین".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "جێگەی دڵخۆشییە کە دەبینین گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە کەرتی تەندروستیدا دروستبووە، بەڵام هێشتا سەرەتایە. هیوادارم بتوانین زۆر لەوە باشتر خزمەتی هاووڵاتیان بکەین لەو کەرتە گرنگەدا".
مەسرور بارزانی هیوای خواست ئەو کۆنفرانسە ئەنجام و راسپاردەی گرنگ و باشی لێ بەرهەم بێت، یارمەتیدەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت لەو چاکسازییانەی لە بواری تەندروستیدا ئەنجامیان دەدات.
مەسرور بارزانی ئەوەی نەشاردەوە کە سیستمی تەندروستی گشتی کێشەی هەیە و دەڵێت: "لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستمان بە پرۆسەیەکی فراوانی چاکسازیی لە بوار و سێکتەرە جۆراوجۆەکان کرد و کەرتی تەندروستی یەکێک لەو بوارە گرنگانە بوو. لێرەدا پێویستە ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بدەم، ئەویش ئەوەیە ئەگەر سیستمی تەندروستی گشتیی کێشەی نەبووایە، بێگومان پێویستی بە چاکسازی نەدەکرد. ئێستاش گرفتی زۆر هەن و ئەنجامدانی چاکسازی بۆ رووبەڕووبوونەوەی خراپبەڕێوەبردن و هەبوونی سیستمی ناڕێکە لەم کەرتەدا".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەو هەنگاوانە کرد وەک چاکسازی لە بواری تەندروستی ناویانن و گوتی: "ئێمە هەنگاوی باش و گرنگمان لە چاکسازیکردن لە بواری تەندروستیدا ناوە، لەوانەش چاکسازیی لە بواری کوالێتی دەرمان و رێنماییەکانی ھێنان، تۆمارکردن، پشکنین، چاودێری و بەدواداچوونی بازاڕی دەرمان و سزادانی سەرپێچیکاران".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، گلەیی زۆر لە هاوردەکردن و قۆرخکردنی هێنانی دەرمان و کوالێتییەکەی هەبووە، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە بەرنامە چاکسازییەکەی لەو بوارەدا. هەروەها دەشڵێت، "ئەگەرچی رووبەڕووی بەرژەوەندیی تایبەتی زۆر کەس و لایەنیش بووەتەوە، بەڵام ئێمە سوورین لە سەر درێژەدان بە بەرنامە چاکسازییەکەمان لە بواری دەرماندا".
بە ئاماژەدان بە هەنگاوەکانیان لە چاکسازی لە کەرتی تەندروستی، مەسرور بارزانی ئاماژەی بە چەند بوارێک دا لەوانە؛
- دەرچوونی یاسای مافی نەخۆش و یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان و ئامادەکردنی رەشنووسی یاساکانی مافی پزیشک و بیمەی تەندروستی و نەخۆشخانە تایبەتەکان.
- رێکخستنەوە و دانانی رەشنووسی پرۆژەیاسای کەرتی تایبەت و گشتی لە بواری خزمەتگوزاری پزیشکیدا.
- کەمکردنەوەی نرخی خزمەتگوزارییەکان لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بەڕێژەی %25 بۆ سووککردنی بارگرانی لە سەرشانی هاووڵاتییان.
- "لە دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە 100 ملیار دینارمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەرخانکرد"
مەسرور بارزانی، سوپاس و پێزانینی خۆیشی ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی و هەموو پزیشک و کارمەندانی تەندروستی کرد و گوتی، "کە لە هێڵی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. بە رێز و پێزانینەوە یادی هەموو ئەو پزیشک و کارمەندانەی کەرتی تەندروستی دەکەینەوە کە لە رووبەڕووبونەوەی کۆرۆنادا گیانیان بەخشی. هەروەها سەرەخۆشی لە کەسوکاری هەموو ئەو هاووڵاتییانەش دەکەم کە بە هۆی ئەم ڤایرۆسەوە گیانیان لە دەستدا".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ باشترکردنی کەرتی تەندروستی گشتی و گەیاندنی باشترین خزمەتگوزاریی تەندروستیی بە هاووڵاتییان. هەروەها کاردەکەین بۆ دانانی سیستمی بیمە و دڵنیایی تەندروستی بەپێی پێوەرێک کە گونجاو بێت بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان".
لە کۆتایی گوتارەکەیدا مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر ئەو نیگەرانییەی لای بەشێک لە هاووڵاتییان لەهەمبەر گرانبوونی ماددە خۆراکییەکان دروستبووە و رایگەیاند: "دەمەوێت بە هاووڵاتییان رابگەیەنم، پێویست ناکات تووشی هیچ دڵەڕاوکێیەک بن و هەموو رێکارێکی پێویست گیراوەتەبەر و پێداویستیی سەرەتایی خواردن لە هەرێمی کوردستان لانیکەم بۆ شەش مانگ تاوەکو یەک ساڵی داهاتوو دەستەبەرە و هیچ جێگەی نیگەرانی نییە و هیچ پێویست ناکات هاووڵاتییان پەلە بکەن لە دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆیان. هیوادارم ئەم دۆخەش لە جیهاندا بەرەو چارەسەر بڕوات".