مەسرور بارزانی لە رۆژی جیهانیی ژنان: داکۆکی لە مافەکانیان دەکەم

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی ژنانە و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پیرۆزباییکردن لە ژنان و کچانی کوردستان، دەڵێت: هەمیشە پشتیوانیی لە داخوازییە رەواکانیان و داکۆکی لە مافەکانیان دەکەم. 
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا کە لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە دەڵێت: بە بۆنەی هەشتی مارس، رۆژی جیهانیی ئافرەتان، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سەرجەم ئافرەتانی کوردستان و جیهان دەکەم، هیوای سەرکەوتن و ژیانێکی پڕ لە سەرفیرازیان بۆ دەخوازم.  
 
لە پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی ئەوەشی گوتووە کە هەمیشە پشتیوانیی لە داخوازییە رەواکانی ژنان دەکات، هەروەها "داکۆکی لە مافەکانیان دەکەم لەپێناو کۆمەڵگەیەکی ئازاد و تەندروست."  
 
بۆ یەکەم جار رۆژی جیهانیی ژنان لە 8ـی ئاداری 1911 کرایەوە، ئەو رۆژە تایبەت نییە بە هیچ وڵات و گرووپ و رێکخراوێک، رۆژەکە لە بنەڕەتدا لەپێناو یەکسانیی نێوان ژن و پیاوە، ئەو کات لە 19ـی ئاداردا 100 شاند لە 17 وڵاتەوە رێککەوتن لەسەر خەبات لەپێناو یەکسانیی مافەکان. 
 
دروشمی ئەم ساڵی رۆژی جیهانیی ژنان بریتییە لە "هاندان و سرووشی بەشداربوون". بەو مانایەی هەموو کەس هانبدرێت بۆ داننان بە مافە ناوازە و ئاسۆی مافە جیاوازەکانی ژنان لە ژیانیاندا، بەتایبەت لە کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان.
 
مەسرور بارزانی دەڵێت، "لەم بۆنەیەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی مافەکانی ئافرەتانی کوردستان و باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان و بەهێزترکردنی پێگەیان لە کایەکانی دەسەڵات و حکومڕانیی و بەهێزکردنی بنەماکانی یەکسانیی رەگەزی دووپات دەکاتەوە."